وردەکاری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرت

08/10/2021     ژمارەی بینراو 355

راچڵەکین-

لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی لە سەرانسەری عیراق دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی ھەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان کرانەوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عیراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتییان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.

لە سەرانسەری عیراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عیراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.

لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دھۆکیش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.

لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە ھەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دھۆک.

ئاوارەکان لە ھەمان رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن، بەپێی داتای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان لە عیراقدا ئەوانەی وەک ئاوارە لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراون، ژمارەیان ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە لە شوێنی مانەوەیان، لەوانە زیاتر لە ١١٧ ھەزاریان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە کە لە سەرانسەری عیراق ٢٨ کەمپی ئاوارەکان ھەن و ٢٦یان لە ھەرێمی کوردستاندان، بەڵام نزیکەی ٥٤٠ ھەزار ئاوارەی دیکەش ھەن لە شارەکاندا دەژین و وەک ئاوارە تۆمارنەکراون و دەبێت بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن.

بۆ ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن ٦٠ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، ٣١ بنکەیان لە دھۆک، ٢٠ بنکە لە ھەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.

سزادراوانی گرتووخانەکانیش کە ژمارەیان ٦٧١ کەسن، شەش وێستگەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە لە پارێزگاکانی دھۆک، سلێمانی، واست، موسەننا و میسان.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عیراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عیراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانە لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن