رێژەی دەنگدانی تایبەت لەسەرجەم پارێزگاكان بڵاوكرایەوە

کوردستان

08/10/2021     ژمارەی بینراو 2412

راچڵەكین –

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رێژەی دەنگدانی تایبەتی لەسەرجەم پارێزگاكان بڵاوكردەوە كە بەكۆی گشتی 69% بووە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پارێزگای سلێمانی زۆرترین رێژەی دەنگدانی تۆماركردووە، كە 78% بوو.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی كە ئەمشەو لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، پارێزگای بابل بەرزترین رێژەی دەنگدانی لەسەر ئاستی عیراق تۆماركردووە، كە 80% بووە.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش، پارێزگای سلێمانی بە رێژەی 78% زۆرترین دەنگی تێدا دراوە، لەدوای ئەویش پارێزگای هەولێر دێت بەرێژەی 76%، لە دهۆكیش رێژەی دەنگدان 69% بووەو لە پارێزگای كەركوكیش 62%ی دەنگدەرانی تایبەت بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستی پێكرد، بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی ملیۆنێك و 196 هەزار كەس كە مافی بەشداریكردنیان لە پرۆسەكەدا هەبوو، 821 هەزارو 800 دەنگدەر دەنگیان داوە، كە دەكاتە رێژەی 69% لەسەر ئاستی هەموو عیراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن