چ کاتێك نەشتەرگەری بۆ گەورەبوونی پڕۆستات پێویستە؟

تەندروستی

11/10/2021     ژمارەی بینراو 564

چ کاتێك نەشتەرگەری بۆ گەورەبوونی پڕۆستات پێویستە؟


ڕاچڵه‌كین-

پڕۆستات ئەندامێكە لە ملی میزڵدانی پیاو، بارێکی باوە لە پیاوان، دوای بەساڵاچوون زۆربەی پیاوان رووبەڕووی گەورەبوونی پڕۆستات دەبنەوە، گەورەبوونێكی خاوێن نەوەك شێرپەنجەیی، دكتۆر ڕامان پسپۆڕی گورچیلەو میزەڕۆ له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌و كاته‌ باس ده‌كات كه‌ پێویسته‌ دوای گه‌وره‌ بوونی پرۆستات نه‌شته‌رگه‌ری بكرێت. 

ئەو گەورەبوونە لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت و لەوانەشە ببێتە هۆی دروست بوونی نیشانی بێزارکەر لە میزکردن، بۆ نمەوونە باریك بوونەوە و پچڕ پچر بوون و نەمانی هێزی دەرچوونی میز، پاش میز، زوو تەنگاوبووون بۆ میز کردن، هەروەها هەڵسانەوەی شەوان بۆ میزکردن. هەندێك جاریش نیشانەی زۆر سەخت روودەدات وەك گیرخواردنی میز لە میزڵدان "حصر" یاخود میزی خوێناوی.

گەورەبوونی پڕۆستات دوای ئەوەی یەكلای دەکرێتەوە کە گەورەبوونێکی خاوێنە بە پشکنینی سەریری وخوێن و پشکنینی سۆنار، لەوانەیە پێویست بە چارەسەر هەبێت، لەوانەشە پێویست نەبێت. بە گشتی چارەسەریش دەکرێت دەرمان بێت یاخود نەشتەرگەری، زۆربەی هەرە زۆری نەشتەرگەریەکانیش لە رۆژگاری ئێستادا بە نازوور ئەنجام دەدرێن.

چارەسەری نەشتەرگەری لە هەندێك باری زۆری تایبەت بە پێویست دەزاندرێت، لەوانەش؛
1- گیرخواردنی میز "حصر بوونی میز"، بۆ چەندین جار و دەرمان سوودی نەبێت.
2- میزی خوێناوی لە ئەنجامی گەورەبوونی پڕۆستات، بۆ چەندین جار و دەرمان سوودی نەبێت.
3- هەوکردنی ڕێرەوی میز بەبەردەوامی.
4- دروست بوونی بەردی میزڵدان.
5- تێکچوونی فرمانی گورچیلەکان لە ئەنجامی گەورەبوونی پڕۆستات.

لە کۆتاییدا، ئەوەی گرنگە بزاندرێت کە قەبارەی پڕۆستات (مەرج نییە) بۆ بڕیاردان لەسەر پێویستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری، کەسێك لەوانەیە پڕۆستاتی سەرووی ١٠٠ گرام بێت و پیویستیش بە نەشتەرگەری نەکات، کەچی کەسێکی دیکە لەوانەیە خوار ١٠٠ گرامیش بێت پێویست بە نەشتەرگەری بکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن