سەرجەم دەستگیركراوانی كەركوك بەبڕیاری كازمی ئازاددەكرێن

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 426

راچڵەكین-

بەبڕیاری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرجەم ئەو دەستگیركراوە كوردانە ئازاد دەكرێن كەچەند رۆژێكە لەشاری كەركوك دەستگیركراون.

شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەكی رەحیماوا و 10 كەسیان دەستگیر كرد و دواتر بە كەفالەت ئازاد كران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولكەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز كرد و شەقامە سەرەكییەكەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەكیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر كرد و مۆبایلیان لە بەشێكی خەڵكیش وەرگرتووە.

پێشتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو:" بۆ ھەموو لایەكی رووندەكەینەوە لە دوێنێ شەوەوە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتی ، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەلاماردانی ماڵی كورد و پێشێلكاری ھێزە ئەمنییەكان و دەستگیركردنی گەنجان ئاگادركردۆتەوە، لە پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵا لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و ئازادكردنی دەستگیركراوەكان و دووپاتیكردۆتەوە ئەو دۆخە دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە."

هاوكات هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان كە سەر بە یەكەی 70ـی وەزارەتی پێشمەرگەن، لەراگەیەندراوێكدا كەلەهەژماری خۆیان لەفەیسبووك بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" هێرشكردنە سەر خەڵكی شاری كەركوك لە لایەن هێزەكانی حكومەتی عیراق ئیدانە ئەكەین و خۆمان بە خاوەنی خەڵكی كەركوك ئەزانین بۆیە سەرجەم هێزەكانی كۆماندۆ  لە ئامادە باشیدایە."

لیوای 61 سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بارەگای سەرەكییان لە نێو كەركووكن و هەر چوار دەروازە سەرەكییەكەی كەركووك لە دەست ئەواندایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن