"لەژێر هیچ بارێكدا قبوڵ ناكەین زوڵم لە خەڵكی كەركوك بكرێت"

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین-

بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركوك لەبارەی دۆخی شارەكە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان لە كەركوك باری لەناكاویان راگەیاندوە و لە گەڕەكە كوردییەكان بڵاوكراونەتەوە و ژمارەیەكی زۆر گەنجیان دەستگیركردوە، دەشڵێت:" لە ئاستی باڵادا بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆخە لەسەر خەتین و لەژێر هیچ بارێكدا قبوڵ ناكەین زوڵم لە خەڵكی كەركوك بكرێت". 

خالید شوانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"لە یەكێك لەگردبونەوەكانی گەڕەكەی رەحیماوا لە شاری كەركوك لایەنگرانی برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان پشێوی دروستبوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان بەو پاساوە كە قابیلی قبوڵكردن نیە دەستیان بە جێبەجێكردنی حاڵەتی لەناكاو و تەواری كردوە، دەستیانكردوە بە رەشبگیری و چەندین گەنجی كوردیان دەستگیركردوە".

شوانی، ئاماژەی بەوەكرد: "ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ئەمڕۆ بەرپرسی یەكەمی پارتی لە كەركوك خۆی بێبەری كردوە و یەكێتیش تۆمەتبار كردوە ئێمە ئەوەمان بەلاوە گرنگ نیە، بۆ خەڵكی كەركوكیش روونە كە ئەم بابەتە چۆن رویداوە، لە سۆنگەی ئەوەی یەكێتی خۆی بەخاوەنی كەركوك دەزانێت و قبوڵ ناكات لەژێر هیچ بارێكدا غەدر لە خەڵكی كەركوك بكرێت جا خەڵكی كەركوك سەر بە چ حزب و لایەنێك بێت، لەبەرئەوەی ئەمە دەسدرێژەی بۆ سەر كورد و خەڵكی كەركوك". 

خالید شوانی باسی لەوەشكرد:"بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق قسەیكردوە و كازمی بەڵێنی پێداوە كە ئەم بارە سەربازییە لەسەر كەركوك لەمڕۆوە لاببرێت، هەمو ئەو گەنجانەشی كە دەستگیركراون لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتودا ئازاد بكرێن و هەمو هێزە ئەمنییەكان لە گەڕەكەكان بكشێنرێنەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن