ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكراكرا

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 305

راچڵەكین –

شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو بەگوێرەی راگەیەندراوێك، هاوسەرۆكی یەكێتی روونیكردەوە رایگەیاندووە كە بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریكی راستەقینەی خۆیان دەزانن  و وەك ھاوبەشێكی سیاسی گرنگ دەیانەوێت پێكەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕن و داكۆكی لەمافەكانی گەلەكەمان بكەین.

ئەمڕۆ 13-10-2021، شاندێكی باڵای یەكێتی، بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی و ئەندامیەتی هەریەك لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، دكتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەركردایەتی و ئەژی ئەمین، سەردانی گردی زەرگەتەیان كرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك ھەڵسوڕاو پێشوازیكران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، لەدانیشتنێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و  پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان و خۆئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەكان.

بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەكەدا روونیكردەوە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریكی راستەقینەی خۆی دەزانێت  و وەك ھاوبەشێكی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێكەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داكۆكی لەمافەكانی گەلەكەمان بكەین.

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی: دەمانەوێت پێكەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێكی نوێوە كاربكەین بۆ كوردستانەكەمان.

راشیگەیاند، ئەو كورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەكێتی بوو كە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبكەین.

ھەر لەدیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی روونیكردەوە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی كوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی كاك نەوشیراون و سەرۆك مام جەلال جێبەجێبكەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و  پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاكسازی و زیاتر خزمەتكردنی خەڵك و گۆڕانكاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، گلەیی و رەخنەكانی كۆمەڵانی خەڵكیش بەھەند وەربگرین و بیكەینە دەستمایەی سەركەوتنی داھاتوومان.

ھاوسەرۆك دووپاتیشكردەوە لەگەڵ براكانیان لە گۆڕان پێكەوە دەمێننەوە و كار بۆ ئایندەیەكی گەشتر دەكەن.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن