ئەمریكا و ئیسرائیل هۆشداری بەئێران دەدەن

جیهان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 284

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، ماوەی دانوستانەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە بەردەوامە، كەمی ماوە و لە ئەگەری شكستهێنانی هەنگاوی دیپلۆماسیی، ئەوا بژاردەكانی دیكە تاوتوێ دەكرێت.

ئەنتۆنی بڵینكن دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید و وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەھیان، لە واشنتۆن بە بۆنەی ساڵڕۆژی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشی لەگەڵ ھەردوو وەزیر ئەنجامدا.

بڵینكن لە وەڵامی پرسیارەكانی پەیوەست بە ئێران، ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان ھاوڕان لەسەر ئەوەی تاران چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

ئاشكرایشی كرد، باوەڕیان وایە كە رێگای دیپلۆماسیی باشترین رێگا چارەسەرە و واشنتۆن چەندین مانگە وڵاتەكەی ئامادەیە ئێران بگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی ئەتۆمی بەڵام ئامادەییان لەلایەن ئێرانەوە لەوبارەیەوە نەبینیوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی: "كات كەم دەبێتەوە و وەكو ئەوەی لێرە قسەمان لەسەر كردووە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئەوا لە خاڵێك نزیك دەبینەوە كە سوودە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە نابینین. لەبەر ئەوەی ئێران ئەم كاتە بۆ پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی بەكاردەھێنێت و بە تایبەتی زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە سەدا ٢٠وە بۆ سەدا ٦٠ لە رێگەی بەكارھێنانی ئامێرەكانی دژەناوەندەوە".

ئەنتۆنی بڵینكن ئاشكرایشی كرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی ئێران ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو بژاردەكان دەكەن و لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا ئەگەر هەنگاوی دیپلۆماسیی شكستی ھێنا ھەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی سەربازیی دەكەن؟"، گوتی:

"ھەروەكو چۆن پێش ئێستا وتم، كاتمان كەم دەبێتەوە. لە ھەمان كاتدا، لە نزیكەوە چاودێریی كاردانەوەكانی ئێران و دۆخی وڵاتەكە دەكەین. ئەگەر ئێران رێگاكەی گۆڕی، ئەوا ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ بژاردەكانی دیكە".

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید، ئاماژەی بەوە كرد ئەو كاتەی كە لە دانوستانە ئەتۆمییەكان بە فیڕۆ چووە، دەرفەتی بە ئێران داوە بەردەوامیی بە پرۆگرامی ئەتۆمی بدات و گوتی: "ھەر رۆژێك كە تێدەپەڕێت، ھەر رۆژێك دواكەوتن، ھەنگاوێك ئێران لە بۆمبی ئەتۆمی نزیك دەكاتەوە".

یائیر لاپید ئەوەشی خستەڕوو كە ئێران لە بابەتی پرۆگرامی ئەتۆمیدا ھەموو جیھانی فریوداوە و گوتی: "من و وەزیر بڵینكن، منداڵی ئەو خێزانانەین كە لە ھۆلۆكۆست رزگاریان بووە. ئێمە دەزانین چی كاتێك ھێز بەكار دەھێنێن بۆ پاراستنی وڵاتێك لە مەترسی".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوەشكردەوە كە ئیسرائیل، مافی بەرگرییكردن لەخۆی پاراستووە و گوتی: "ئەگەر دیپلۆماتی شكست بھێنێت ئەوە تەواوی بژاردەكانی دیكە لەسەر مێز دەبێت. ھەموو ئەوانەی ئێرە و تارانیش باش دەزانن بژاردەكانی دیكە مانای چییە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن