ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرابوو

کوردستان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 545

راچڵەكین –

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای یەكڕیزی و تەبایی لەناوخۆی كوردستان دەكات و راشیدەگەیەنێت: بڕوامان وایە حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی بە رێكخستنەوەیەكی سەردەمیانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئاست ویست و خواستی هەموو پێكهاتەكانی دابێ و كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكات.

ئەمڕۆ 14-10-2021، مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە كۆبووەوەو لە راگەیەندراوێكیشدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ئاشكراكرد.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیاندراوی كۆتایی كۆبونەوەیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان 

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی، لە رێكەوتی ١٤ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، كە تایبەت بوو بە قۆناغی كۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە سەرەتادا كۆبوونەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان بە گشتی كرد، بۆ بەشداری شارستانیانەیان لە پرۆسەكە كە بەشێوەیەكی دیموكراسیانە و ئاشتیانە بەڕێوەچوو. ھاوكات بە چاوكراوەیی و رێزگرتن لە پارێزەرانی بەرژەوەندییە‌ باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی، متمانەیان بەخشیە كاندید و لایەنەكان و، پاڵپشتییان لەو ئاڕاستەیە كرد كە لە رابردوودا خەمخۆری بەدەستهێنانی مافەكانیان بووە و، لە ئێستا و لە ئایندەشدا دەستكەوت و مافەكانیان دەپارێزێ و، دیدوبۆچوونی واقعبینانەی هەیە بۆ حوكمڕانی عێراق لەسەر پرنسیپەكانی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی، هەروەها لە بەدیهێنانی ئامانجی‌ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان و جێبەجێكردنی تەواوی دەستوور و دابینكردنی ژیانێكی شایستە لەڕووی ئیداری و ئابووری و ئەمنییەوە. لەم روانگەیەشەوە پارتی هەنگاوە پێویستەكانی داھاتووی بۆ هەماهەنگی و لێك تێگەیشتن و هاوپەیمانیەتییەكان دیراسە دەكات، بەشێوەیەك كە لە خزمەتی هاوڵاتیانی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دابێت.

كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی دەربڕی بۆ جەماوەر و كادیر و ئەندامان و خەڵكی خۆڕاگری سنووری كەركوك، شەنگال، خانەقین، مەخمور، زوممار، دەشتی نەینەوا و تەواوی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لە بەرامبەر پاڵپشتی گەورەیان و متمانە بەخشینیان بە كاندیدەكانی پارتیمان.

هەروەها كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ بەرپرس و كادیر و ئەندام و جەماوەری سنووری گشت ئۆرگانەكانی پارتیمان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان، لقەكان، لیژنەی ناوچەكان، رێكخراوەكان، بنكەكان و، رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە هەوڵیان دا بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و سەركەوتنی كاندیدەكانیان.

كۆبوونەوە سوپاسی دڵسۆزی و هەوڵەكانی تەواوی هەڤاڵانمانی كرد، لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەڕلەمان و، پێشمەرگە قارەمانەكان و دامودەزگا ئەمنیەكان، كە بە رەچاوكردنی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، هاوكاری باشی سەرخستنی پرۆسەكە بوون و دڵسۆزانە كاریان بۆ سەركەوتنی كاندیدەكان كرد.

ھاوكات كۆبوونەوە سوپاس و دەستخۆشی گەرمی ھەبوو بۆ هەڤاڵانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن و لیژنە فەرعیەكان و ئۆرگانەكانی پارتیمان لە مەكتەبەكانی رێكخستن، پەیوەندییەكان، كارگێڕی و دارایی، دیراسات و تۆژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بە هەموو كەناڵەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەكانەوە و، كادیر و ھەڤاڵانی خوێنگەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا و، یەكە یەكەی بەربژێرەكانی پارتیمان، ھەروەھا سوپاسی چاوكراوەیی و خەمخۆری چاودێرانی سەرسندوقەكان و ویستگەكانی دەنگدان و. سوپاس یەك بەیەكی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەو جەماوەرە بەئەمەك و وەفادارەی كرد كە بە هەر جۆرێك بەشداربوون لە بەدیهاتنی ئەم سەركەوتنە مەزنەدا.
هەڤاڵانی تێكۆشەر، هاوڵاتیانی بەڕێز...

عێراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ و پارتیمان بڕوای وایە حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی بە رێكخستنەوەیەكی سەردەمیانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئاست ویست و خواستی هەموو پێكهاتەكانی دابێ و، كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكات، چارەسەری كێشەكانیش لەڕوانگەی دەستوورەوە دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەتایبەتیش جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەكلاكردنەوەی تەواوی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆی كوردستان پێویستە و، پێكەوە كاركردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و بەدیهێنانی مافە بەدی نەهاتووەكان ئەركی‌ هەمووانە.

دووبارە سوپاس بۆ دڵسۆزانی كوردستان.
مەكتەبی سیاسی 
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٤ـی ١٠ـی ٢٠٢١

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن