دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار بەردەوامە

جیهان

16/10/2021     ژمارەی بینراو 235

راچڵەكین-

ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ كرانەوەی بۆرسەكانی توركیا نرخی هەر دۆلارێك بەرامبەر بە 9.26 لیرەی توركی مامەڵەی پێوەكراوە، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەیی دیكەیە لە دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار.
 
گۆڕینی 3 بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی توركیا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە یەكێك لە هۆكارەكانی بێبەهابوونی لیرەی توركی دادەنێن.
 
رۆژی هەینی 15ی تشرینی یەكەمی 2021 كەمال كڵیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەگەڵ شاندێكی دێسكی ئابووریی پارتەكەیدا سەردانی بانكی ناوەندیی توركیای كرد و لەگەڵ شەهاب كاڤجیئۆغڵو، بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی كۆبووەوە. 
 
كڵیچدارئۆغڵو دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ كاڤجیئۆغڵو پەیامێكی ئاراستەی ئەردۆغان كرد و داوایلێكرد، چیتر دەستوەرنەداتە كاروباری بانكی ناوەندی، هەروەها هۆشداریی دایە سەرۆككۆمار لەوەی سیاسەت تێكەڵ بە بانكی ناوەندی نەكات و رێز لە ناسنامەی بانكی ناوەندی بگرێت. داواشی لێكرد كاروباری ئابووری بەجێبهێڵێت بۆ كەسانی پسپۆڕ و شارەزا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن