دادگای هەولێر بڕیاریدا بەئازادكردنی مەلا مەزهەر خوراسانی
راچڵەكین-
مەلا مەزهەر خوراسانی، داوا لەو كەسانە دەكات كە سكالایان لەسەر تۆماركردووە:" داوای لێبووردن لە خودا بكەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-2-2020دووەم دانیشتینی دادگاییكردنی مەلا مەزهەر خوراسانی لەدادگای كەتنی چواری هەولێر بەپێی ماددەی 434 لەیاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەچوو.
دوای دانیشتنەكەش، پارێزەرەكەی مەلا مەزهەر رایگەیاند، "داواكاری گشتی و دادگای كەتنی چواری هەولێر بڕیاریاندا كە هیچ بەڵگەیەك لە دۆسیەیەكە دژی مامۆستا مەزهەر نییە".
وتیشی، 30 رۆژ لەبەردەست سكاڵاكاراندا هەیە بۆ تانەدان لەبڕیارەكەی دادگا.
دواتر مەلا مەزهەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو گەردنیان ئازا دەكات، بەڵام دەبێت ئەوانەی سكاڵایان كردووە داوای لێبووردن لە خودا بكەن، چونكە "تەداخولیان لە بوارێكدا كردووە كە دەقی قورئانە، سوكایەتیكردنە بە قورئان و بڕیاری خۆیان خستووەتە پێش قورئانەوە".