پزیشكێك: تكایه ئهم جۆره دهرزیه بهكارمههێنن
ڕاچڵهكین-
بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵە، دیاردەیەکی زۆر باوە لەناو کۆمەڵگەی کوردی، دكتۆر شێروان پزیشکی شارەزای گشتی لە ڕووی زانستی پزیشکیەوە ڕوونكردنهوهی زیاتر لهسهر ئهم بابهته دهدات.
1-دەرزی تێکەڵە چیە ؟ بریتیە لە تێکەڵکردنی دوو بۆ سێ ، هەندێک جار چوار دەرزی بە یەکەوە
2- چەن جۆری هەیە و چی و چی تێکەڵ دەکرێن ؟ جۆری زۆرە ، بە زۆری دەرزی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن بەیەکەوە تێکەڵ دەکرێن ، زۆر جار ئەمۆکسیلین یان دەرزیەکی تری دژەهەوکردنیش لەگەڵیان تێکەڵ دەکرێ ، هەندێک جاریش دەرزی نیوڕۆبین (ڤیتامین بی یان ناسراوە بە دەرزی قووەت) لەگەڵیان تێکەڵ دەکرێ.
3- بۆچی بەکاردێ ؟ بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەڵامەت و تاو لەرزو قوڕگ ئێشە و تەشەنوج و ئازاری جەستە بەکاردێ.
4- بۆ نەخۆش حەزی پێیەتی ؟ لەبەر ئەوەی دوای ماوەیەمی کورت لە لێدانی دەرزیەکە ، زۆربەی نیشانەکانی نەخۆشیەکە دادەپۆشێ و نەخۆش هەست بە باشبوون دەکا و گومان دەکا بەتەواوی چاک بۆتەوە.
5- جا بەڕاستی دەرزی تێکەڵە چارەسەری نەخۆشیەکە دەکات ؟ بێگومان نەخێر ، وەکو ماسکێکە تەنها نیشانەکان دەشارێتەوەو دوای نەمانی کاریگەری دەرمانەکان ، نیشانەکان دەگەڕێنەوە ، ئەمەش ڕەنگە نەخۆش ڕووبەڕووی زۆر ڕوداوی نەخوازراوو مەترسیدار بکاتەوە.
زیانەکانی چیە ؟
زیانەکان زۆر زۆرن ، بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم :
1- سەرەتا پێش هەموو شتێک تێکەڵکردنی دەرمان شتێکی زانستی نیە چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی کارلێک کردنیان لەگەڵ یەک، هەرکات نەخۆش دوو جۆر دەرزی هەبوو ، پێویستە دەرزیەکان بە جیا لێبدا بە دوو سرنجی جیاواز .
2- بەهۆی ئەوەی نیشانەی نەخۆشیەکان دەشارێتەوە ، زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ڕۆژەکانی سەرەتا سەردانی پزیشک نەکات و کاتێک دەچێتە لای پزیشک و نەخۆشخانە کار لەکار ترازاوە>
3- زۆر جار دەبێتە هۆی برینی گەدە (قرحه معده) و نەزیفی گەدە بەهۆی ئەوەی هەردوو دەرزی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر گەدە.
4- دەبێتە هۆی دابەزینی بەرگری لاشە، ئەمەش وادەکا میکرۆبەکان بە ئاسانی زاڵ بن بەسەر جەستەدا و نەخۆش تووشی جۆرەها هەورکردن دەکاتەوە.
5- شەکرە بەرز دەکاتەوە بەهۆی بوونی ماددەی ستیڕۆیدی تێیدا
6- سستبوونی گورچیلەو جگەر
7- قەڵەوی دەرهاوێشتەیەکی تری بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵەیە بە شێوەیەکی بەردەوام
8- کاریگەری خراپی لەسەر چاو هەیە ، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربێ دەبێتە هۆی دروست بوونی ئاوی سپی چاو
9- بچووکبوونەوەی گونەکان لە پیاوان و کەم بوونەوەی ژمارەی تۆو بەمەش کێشەی نەزۆکی دروست دەکات
10- زیاد بوونی مووی دەم و چاوو تێکچوونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتان.
جا بۆیە تکام وایە هاوڵاتیان بەهموو شێوەیەک دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵە چون تەواو نازانستیە، خۆ ئەگەر تێکەڵ کردنی ئەو دەرمانانە ئاسایی بوایە دڵنیابن ئەوکات کۆمپانیا گەورە جیهانیەکانی دەرمان دەمێک بوو بەرهەمیان دەهێنا .