ترەمپ گرەوەكەی لە پیلۆسی بردەوە

ڕاپۆرت

06/02/2020     ژمارەی بینراو 458

راچڵەكین- 

لە دەنگدانێكدا كە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا ئەنجامدرا، دۆناڵد ترەمپ لە دوو ماددەی لێكۆڵینەوەی لەكارلادانیدا بێ تاوان دەرچوو.

لە یەكەم دەنگداندا لەسەر خراپ بەكارهێنانی پۆستەكەی ٤٨ سیناتۆر دەنگیان بە ''تاوانباری'' ترەمپ دا و ٥٢ سیناتۆریش بە ''بێ تاوان'' دەنگیان لەسەر ترەمپ دا.

لە دووەم دەنگداندا كە لەسەر ماددەی لەكارلادان ئەنجامدرا بەهۆی ''بەرگرتن لە كاروبارەكانی كۆنگرێس'' ٤٧ سیناتۆر دەنگیان بەوەدا كە ترەمپ ''تاوانبارە'' و ٥٣ سیناتۆریش دەنگیان بەوەدا كە ''بێ تاوانە‌''.

بەم شێوەیەش دۆناڵد ترەمپ لە مێژووی ئەمریكادا لە دوای ئاندریو جۆنسن و بیل كلینتۆن بووە سێیەم سەرۆك كە لە ئەنجوومانی پیرانی ئەو وڵاتە بێ تاوانی دەسەلمێندرێت.

 -  رۆمنی لە ماددەیەكیاندا دەنگی بە تاوانباری ترەمپ دا

لە دەنگدانەكەدا تەواوی دیموكراتەكان لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترەمپ كرابوون دەنگیان بە ''تاوانباری'' ناوبراو دا.

لە لایەكی دیكەوە، سیناتۆری كۆماریخواز، میت رۆمنی لە میانی دەنگدان لەسەر تۆمەتی ''خراپ بەكارهێنانی پۆست'' دەنگی بە ''تاوانباری'' ترەمپ دا، بەڵام لەبارەی ''بەرگرتن لە كارەكانی كۆنگرێس'' بەبێ تاوان دەنگی لەسەردا.

 - پرۆسەی لێكۆڵینەوەی لەسەركارلادانی ترەمپ

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، نانسی پیلۆسی لە 24ی ئەیلوولدا، بڵاویكردەوە كە بەهۆی "زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا" و "سووكایەتیكردن بەرامبەر سوێندی سەرۆكایەتی" دەستیان بە پرۆسەی لێكۆڵینەوەی لەكارلادانی ترەمپ كردووە.

پیلۆسی بانگەشەی ئەوەی كرد كە ترەمپ لە 25ی تەمووزدا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ئوكراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسكی ئەنجامداوە و داوای لێكردووە ئەگەر لێكۆڵینەوە بكات لە جۆ بایدن-ی ركابەری و خانەوادەكەی، ئەوا ئەمریكا هاوكاری وڵاتەكەی دەكات، ئەوەیش پێشێلكاریە بەرامبەر دەستوور.

كۆشكی سپی، دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و زێلێنسكی بڵاوكردەوە و باسی لەوەكرد كە ھیچ پەیوەندییەك لەنێوان ھاوكارییەكان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا نییە.

لە لیژنەی هەواڵگری ئەنجوومەنی نوێنەران، رۆژانی ١٣-٢١ی تشرینی دووەم، دانیشتنە كراوەكان بەڕووی رای گشتییدا ئەنجامدران و لەو پرۆسەیەشدا ١٢ بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و پنتاگۆندا ئیفادەیان لێوەرگیرا.

پاشان لیژنە هەواڵگریەكە راپۆرتێكی ٣٠٠ لاپەڕەیی ئامادەكرد و لە سێی كانوونی یەكەمدا راپۆرتەكەیان رەوانەی لیژنەی داد كرد.

دوای دوو دانیشتنی لیژنەی داد لە ١٣ی كانوونی یەكەم، ماددەكانی لێكۆڵینەوەی لەكارلادان پەسەند كرا و دۆسیەكە رەوانەی ئەنجوومەنی گشتیی نوێنەران كرا.

لە ١٨ی كانوونی یەكەمدا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگدان لەسەر دۆسیەكە كرا و تۆمەتەكانی ''خراپ بەكارهێنانی پۆست'' و ''بەرگرتن لە كارەكانی كۆنگرێس''پەسەندكران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن