ڕێنمایی تەندروستى دەربارەى بەرنامەى خۆراکی بۆ ئەوانەى شەکرەیان هەیە

تەندروستی

14/11/2021     ژمارەی بینراو 430

راچڵەکین-

 

د. زانا ئەحمەد پزیشکى پسپۆڕى هەناو باس لەو خۆراکانە دەکات کە بۆ نەخۆشانی شەکرە پێویستن.

*خواردنەوە
- ئاو: تا پێتان دەکرێت زۆر بیخۆنەوە.
- چاى: بە شێوەیەکى مامناوەند بیخۆنەوە. ئەگەر زۆر دەیخۆنەوە، با کاڵ (کەمڕەنگ) بێت. بەڵام هەرگیز شەکرى تێمەکەن. ئەگەر بە تاڵی پێتان ناخورێتەوە، کەمێک هەنگوینى سروشتیی تێبکەن یان بە خورماوە بیخۆنەوە. دارچینیشی تێبکەن باشترە.
- قاوە: مەیخۆنەوە. ئەگەر هەر دەیخۆنەوە، ڕۆژیی دوو کوپ زیاتر مەخۆنەوە. بە تاڵییش نەبێت نەیخۆنەوە.
- شەربەت: مەیخۆنەوە. هەر چی هی سروشتییشە، وا باشترە نەیخۆنەوە.
* کاربۆهیدرات
- نان و سەموون: مەیانخۆن. ئەگەر هەر دەیانخۆن، ئەوە نان بخۆن باشترە لە سەموون. نانى بۆرى گەنمیش باشترە لە هى جۆ. هەر ژەمێکیش لەتێک بخۆن، باشترە لەوەى لە ژەمێکدا یەکێکى تەواو بخۆن و لەوانى تر هیچ نەخۆن.
- برنج: تا دەکرێ مەیخۆن.
- ساوەر: بە ڕێژەیەکى مامناوەندى بیخۆن.
- ئەگەر لە ژەمێکدا برنج یان ساوەرتان خوارد، نانى پێوە مەخۆن.
- شەکر: نابێت بە هیچ جۆرێک بەکارى بێنن، نە هى سپی و نە هى قاوەیى، نە بە دیشلەمەیی و نە بە تۆزییش. 
- کێک، پسکیت، شەکرلەمە: مەیانخۆن.
- هەنگوین: هی سروشتى بە شێوەیەکى مامناوەندى بخۆن. هى عادى، دەمى بۆ مەبەن.
* پڕۆتین و چەورى
- ڕۆن: هى مەییو بەکار مەهێنن، هى زەیت بەکار بێنن.
- گۆشتى ئاژەڵ: بیخۆن، بەڵام کەم.
- گۆشتى مریشک: بیخۆن، بەڵام هى خۆماڵى. چونکە ئەوانى تر بۆ ئەوەى قەڵەو ببن، دەرمان و ڕۆنى خراپیان دەدرێتێ. بە خواردنیان، ئەو ماددە خراپانە دەچنە جەستەى ئێوەشەوە.
- ماسی: زۆر بیخۆن، هەر هیچ نەبێت هەفتەى دوو جار.
- پێستى مریشک: لێى بکەنەوە و مەیخۆن.
- بەز: مەیخۆن. هەرچی چەورییەک بە گۆشتەوە دەیبینن، لێی بکەنەوە.
- هێلکە: بیخۆن، بەڵام هەفتەى سێ جار زیاتر نا. ئینجا بەکوڵاوى بیخۆن نەک بەسوورکراوەیی. 
- تکە و کەباب: مەیانخۆن.
* شیرەمەنى
- ماست: بیخۆن، بەڵام قەیماغەکەى نا.
- پەنیر، کەرە، قەیماغ: مەیانخۆن.
- شیر: بیخۆنەوە، بەڵام وا باشترە هى تەڕ بێت نەک تۆز.
- دۆ: بیخۆنەوە. لە شیر باشترە.
* سەوزە و پاقلەمەنى
- هەموو سەوزەیەک جگە لە پەتاتە بخۆن.
- پەتاتە: مەخۆن، بە کوڵاوى هەر مەیخۆن.
- گێزەر: بەخاوى بیخۆن، بەکوڵاوى نەکەن بیخۆن.
- نۆک، پاقلە، فاسۆلیا: بیانخۆن.
- نیسک: زۆر بیخۆن.
* میوە
- ڕۆژی سێ پارچە میوە لە جۆری جیاواز بخۆن.
- زیادەڕەوى لە میوە خواردن مەکەن.
- زەیتوون: زۆر بیخۆن.
- سێو، پرتەقاڵ، لالەنگى، مۆز، قۆخ، کیوى، هەرمێ، هەڵووژە، شلیک، ترێی سەوز، خورما: بیانخۆن.
- ئەنەناس، کاڵەک، قەیسی، هەنجیر، ترێی ڕەش: بیانخۆن، بەس زۆر نا.
- شووتى: مەیخۆن.
- میوەى وشککراوە: مەیخۆن. ئەگەر هەر دەیخۆن، با زۆر بەکەمى بێت.
* چەرەساتەکان
- ناوکە کولەکە، گوێز، بادەم، گوڵەبەڕۆژە: زۆر بیانخۆن.
- بەڵام تا دەکرێت بە خاوى بیانخۆن، یان بە دەست بیانقرتێنن ئینجا ناوکەکانیان بخۆن. ئاگادار بن، سوێری زۆر خراپە.
تێبینى: ئەمە بەشێکە لە کتێبێکى بڵاوکراوەم بە ناوى (شیرینى ژیان تاڵ دەکات-ڕێبەرێک بۆ شەکرەداران).


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن