راچڵەکین-
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، لە كاتی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریا لە 2019، ئەمریكا هێرشی ئاسمانیی كردووەتە سەر گرووپێكی مەدەنی كە نزیكەی 70 كەس بوون و ژن و منداڵیان لەنێودا بووە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە 18ی ئاداری 2019دا، گروپێكی مەدەنی لە ناوچەی باغۆزی سووریا كردووەتە ئامانج كە ژن و منداڵیان لەنێودا بوون.
لە هەواڵەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە شوێنی گرووپە مەدەنییەكە سەرەتا لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكاوە دەستنیشان كراوە و دواتر لە سێ هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری F-15E زیاتر لە دوو تۆن بۆمبیان بەسەردا بەردراوەتەوە و ئەمەیش كوژرانی نزیكەی 70 كەسی لێ كەوتووەتەوە.
رۆژنامەكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە وردەكارییەكانی ئەم رووداوە یەكەم جارە دەربكەون و نووسیوویەتی "هێرشی سەر باغۆز یەكێك بوو لەو رووداوانەی لە كاتی جەنگی دژبە داعش زۆرترین مەدەنی تیایدا بووە قوربانی، بەڵام سوپای ئەمریكا ئەمەی هیچ كاتێك بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی روون نەكردەوە".