وەزارەتی بازرگانی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراكی ئەم كەسانە دەدات

عێراق

20/11/2021     ژمارەی بینراو 706

راچڵەكین-

وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، ئەو ھاوڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ئەوانەی بۆ زیاتر لە سێ مانگ گەشتی دەرەوەی وڵاتیان كردووە، یاخود ئەوانەی زیندانین، ناویان لەژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی تۆماركردووە، بەشە خۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت.

وەزارەتی بازرگانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ھاوڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ئەوانەی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ گەشتییان بۆدەرەوەی وڵات كردووە، ئەو ھاوڵاتییانەی ناویان لە ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی تۆماركردووە، ئەوانەی لەلایەن دادگاوە بەندكراون تا كاتی سزادانەكانیان تەواودەبێت و ئازاد دەكرێن، ئەوانەی لە سەندیكاكانی پزیشكان و پزیشكانی ددان و دەرمانخانەكان ناوییان تۆمار كراوە بەشەخۆراكەكانییان دەبڕدرێت.

پێشتر، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كرد، لە پێناو رێكخستنەوەی فۆڕمی بەشەخۆراك و دابینكردنی ماددە خۆراكییەكان بۆ ھاوڵاتیان، بڕیاردراوە ئەو چین و كەسانە بێبەشبكرێت كە چیدیكە پێویستیان بەوە نییە حكومەت بەشەخۆراكیان بۆ دابینبكات.

بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، پێویستە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان لە ماوەی 30 رۆژدا وەزارەتی بازرگانی ئاگاداربكەنەوە لەو كەسانەی موچەی مانگانەیان لە ملیۆنێك و 500 ھەزار دینار كەمتر نییە، تا بەشە خۆراكەكانیان ببڕدرێت.

ھاوكات، ئەو بەڵیندەرانەی لە ریزبەندی پلەی شەشدا تۆماركراون و ئەو ھاوڵاتیانەی خاوەنی كۆمپانیا و ئەوانەی لە ژووری بازرگانی و سەندیكانی پزیشكان و پزیشكانی دانساز و دەرمانساز و ئەوانەی پێویستە ساڵانە 18 ملیۆن باجبدەن لە بەشەخۆراكی مانگانە بێبەشدەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن