هەنگاو: لە یەک ساڵدا ٤٤ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون

جیهان

26/11/2021     ژمارەی بینراو 187

راچڵەکین-

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە لە ماوەی یەک ساڵدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٤ ژن کوژراون و ١٠٧ ژنی دیکەش خۆیان کووشتووە.

رێکخراوەکە ئاماری یەک ساڵی پێشێلکارییەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەماوەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە تا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، ١٩٦ حاڵەتی پیشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان تۆمارکراوە کە ٣٦ چالاکی ژنیان دەستبەسەرکردووە و ٩ چالاکی ژنیش بەندکراون، هەروەها  ٤٤ ژن خۆیان کووشتووە و  ١٠٧ ژنی دیکەش خۆیان کوژراون.

بە گوێرەی راپۆرتەکە لەو ماوەیەدا، ٩ چالاکی ژن لە پارێزگای کرماشان، ١٤ چالاکی ژن لە پارێزگای سنە، ١١ چالاکی ژن لە پارێزگای ئورمیە و ٢ چالاکی ژنیش لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون. هەروەها ژنێکی خەڵکی باکووری کوردستانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەشڵێت، لە کۆی ئەو ٣٦ ژنەی کە دەستبەسەر کراون ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ٤٤ ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی خزم و کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژراون بە جۆرێک ١٤ ژن لەپارێزگای کرماشان، ٩ ژن لە پارێزگای ئورمیە، ١٣ ژن لەپارێزگای سنە و ٨ ژن لە پارێزگای ئیلام کوژراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن