"زیاتر لە ٧٥٪ کاڵا و خۆراک و پێداویستی رۆژانەی هەرێم لە دەرەوە هاوردە دەکرێت"

کوردستان

26/11/2021     ژمارەی بینراو 320

راچڵەکین-

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێش کۆرۆنا ساڵانە  بە بڕی٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی جیهاندا کردووە، دەشڵێت:" ئێستا بەرێژەی زیاتر لە سەدا ٧٥ی کاڵا و خۆراک و پێداویستی رۆژانەمان لە دەرەوە هاوردە دەکەین، تەنیا لە هەندێک وەرزدا بە بڕێکی دیاریکراو بەروبوومی کشتوکاڵ دەنێرینە دەرەوە"

مستەفا عەبدولرەحمان، رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بو دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە وڵاتانی دراوسێی بەستووە و ساڵانە بە بڕ دەیان ملیار دۆلار کاڵا و خۆراک و پێداویستی لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکات، بەمەش تابێت ئاستی قەبارەی بازرگانیکردنی فراوانتر دەبێت و زیاتر بەرووی بازاڕی وڵاتانی دنیادا دەکرێتەوە.

دەشڵێت:"ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی فراوانە، پێش کۆرۆنا چووبووە قەبارەیەکی زۆر و گەیشتبووە لوتکە و هەرێمی کوردستان لەبواری بازرگانی توانایەکی باشی پێکەوە نابوو، بەڵام لەکاتی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی دنیا بواری بازرگانی بەرەو لاوازی رۆشت و هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە، ئێستا دووبارە دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە، ئێمە پێش کۆرۆنا ساڵانە بە قەبارەی ٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان دەکرد لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا".

"ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی جیهانە بەڵام بە پلەی یەک لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی گەورەیە و دەرفەتێکی گەورەی کاری تێدایە، بۆیە زۆرینەی کاڵاکانمان لەو وڵاتەوە هاوردە دەکەین بە بڕی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار". مستەفا عەبدوڵرەحمان وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆخی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە کۆرۆنادا زۆر دابەزی، نەدەتوانرا سەرمایەداران گەشت بکەن بۆ دەرەوە و گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە بۆیە ئاڵوگۆرەکە لە دابەزیندابوو هاتبووە خوار ١٥ ملیار دۆلار بەڵام ئێستا دەبینین بەرەو باشربوون چووە".

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران دەشڵێت:"ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرێژەی زیاتر لە سەدا ٧٥ی کاڵا و خۆراک و پێداویستی رۆژانەمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکەین، تەنیا لە هەندێک وەرزیشدا بە بڕێکی دیاریکراو بەروبوومی کشتوکاڵ دەنێرینە دەرەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن