لەشەڕی هاندەرانی یانەی هەولێرو شوڕتە كەس كوژراوە؟

وەرزش

05/12/2021     ژمارەی بینراو 328

راچڵەكین-

پارێزگاری هەولێر رەتیدەكاتەوە كە لەشەڕی نێوان هاندەرانی یانەی هەولێرو شوڕتە كە لەیاریگای فرانسوا هەریری روویدا، هیچ كەسێك كوژرابێت.

ئومێد خۆشناو، ئەمڕۆ یەكشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی رەتكردەوە، لە شەڕی نێوان ئەو هاندەرانەدا بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان و عێراق كرابێت.

وتیشی: "خۆم لەكاتی یارییەكە لە یاریگا ئامادەبووم، لە دوا ساتی یاری نێوان یانەی هەولێر و شورتە پشێوی دروستبوو، ژمارەیەك لە هاندەران قسەیان بە یەكتر گوت و شتیان هاوێشتە یەكتر، بەتایبەتی هاندەرانی یانەی شورتە چەند كورسییەكیان شكاند، بەڵام ئەوە رەتدەكەینەوە كەس كوژرابێت، نە كەسیش دەستی بۆ ئاڵای كوردستان و عێراقی بردووە، لە هەندێك شوێن گوتراوە كە رووداوەكە لەسەر ئاڵا بووە، ئەمە هیچ راستی تێدا نییە".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەكرد: "رووداوەكە پەیوەندی نە بە سیاسەتەوە هەبوو نە بە ئاڵا، بەڵكو یاری نێوان دوو یانە بووە، دوای یارییەكەش سەرۆك و دەستەی یانەی هەولێر تا فڕۆكەخانەش لەگەڵ یانەی شورتە بوون و بەڕێزەوە بەڕێیان كردن".

ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: "هەندێك كەناڵی راگەیاندن زۆر شتەكان بەلاڕیدا دەبەن، هەندێكیان گوتویانە خەڵك كوژراوە، كە هیچ بنەمایەكی نییە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن