خانەوادەی لانە محەمەد وەڵامی بەڵگەی تاوانی هەرێم دەدەنەوە

کوردستان

06/02/2020     ژمارەی بینراو 15558

راچڵەكین

خانەوادەی لانە محەمەد رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ، كە لەگەڵ منداڵەكەیدا لەڕووداوێكی خۆكوژی لەلایەن ئامانج بابانی هاوسەرییەوە كوژران، وتەكانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم رەتدەكەنەوەو ئاشكراشیدەكەن، جوڵاندنی كەیسەكە لەم كاتەدا بۆ پەردەپۆشی حساباتی سیاسییە نەك خەمی خانەوادەكەیان.

دوای زیاتر لە 50 رۆژ لە بڕیاری كۆتایی دادگای تاوانەكانی سلێمانی/2 لەكەیسی "خۆكوژی" ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەیان، ئەمڕۆ 6ی شوباتی 2020، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كەیسە داخراوەكەی جوڵاندەوەو رایگەیاند: لەوانەیە كەیسەكە خۆكوژی نەبووبێت.

خانەوادەی لایەنە محەمەد وەڵام دەدەنەوە

لەوەڵامی وتەكانی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم، ئەندامێكی خانەوادەی رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ لانە محەمەد، بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاند: ئەوپەڕی بێ ئەدەبییە بۆ هەر كەسێك كەیسێكی وا بجوڵێنێتەوە، تا پەردەپۆشی حساباتی سیاسی پێ بكات.

وتیشی: حكومەتی هەولێر دوای ئەوەی خەڵك لەژێر ئەشكەنجەدا دەكوژێت، بیر لەوەدەكاتەوە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو دۆسێیانە، دێت كەیسێك دەجوڵێنێت كە ببێتە كێشەیەكی گەورە لەنێوان دوو حزبی سیاسیدا، تا دواتر بڵێن بابەتەكان دابخرێن.

ئەندامەكەی خانەوادەی لانە محەمەدی جوانەمەرگ، ئەوەشی خستەڕوو: دەبوایە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە وەڵامی دادگای بدایەتەوە، نەك بیهێنن و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی پێبكەن، لەكاتێكیشدا كەیسەكە دوورە لەهەولێرەوە، دەبوایە داوای وەڵامیان لەدادگای سلێمانی بكردایە، نەك كەسی هەژار بكەنە قوربانی مەرامەكانیان.

لەبەشێكی تری وەڵامەكەیدا، ئەو ئەندامەی خانەوادەی لانە محەمەدی رۆژنامەنوس راشیگەیاند: قسەكانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم، بۆ بەتەنگەوەچوون و لەخەمی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ تەسفیەی حسابی خۆیانە.

تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە: دۆسیەی خۆكوژی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لەدادگای سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆتایی هاتووەو دادگا دوا بڕیاری خۆی داوە، غەدرێكی گەورەیە لەخەڵكی ئەم وڵاتە كە لە كەیسێكی مەدەنیدا، كە خەڵك خوێن لەجەستەی دەچۆڕێت، ئەوان دێن دەیكەن بە كەیسێكی سیاسی تا تەسفیەو پەردەپۆشی كوشتنی خەڵكی پێ بكەن كە لەماڵەوە دەیبەن، دەبێت دادگای باڵای هەرێم ئەم حاڵەتە قبوڵ نەكات، بەڵام دیارە ئەوەش قۆرغ كراوە.

كەیسەكە داخرا

ئەندامەكەی خانەوادەی لانە محەمەد، باسی لەوەشكرد: وەك خانەوادەی رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ، چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پۆلیس و دادگامان كرد، بۆیە بابەتەكە داخراو كۆتایی پێهێنرا، دواتریش كە لیژنەی پەرلەمان لێكۆڵینەوەیان كرد، بۆیان دەركەوت رووداوەكە خۆكوژی بووە، بەڵام سەیرە حزبێكی سیاسی بۆ مەرامێكی سیاسی دەیەوێت ئەم كەیسە بجوڵێنێتەوە.

راشیگەیاند: چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنە بەرپرسەكانی سلێمانی و دادگای سلێمانی دەكەین دواتریش هەڵوێستی خۆمان لەبەرامبەر لێدوانەكەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم رادەگەیەنین.

بەگوێرەیس میدیای فەرمی یەكێتی، لەكاتی بڕیاری دادگادا لەدۆسیەی "خۆكوژی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان" ئەو ماوە یاساییەی كە بۆ تانەدان لەبڕیارەكەی دادگا دیاریكراوەو ماوەی مانگێك بووە، هیچ كەسێك تانەی لەبڕیاری كۆتایی دادگا نەداوەو دۆسییەكەش بەیەكجاری داخراوە.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەو قسانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەو دۆكیۆمێنێك، لەڕووی یاساییەوە هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نییە.

بڕیاری كۆتایی دادگا لەسەر كەیسەكە

بەپێی بەڵگەنامەیەكی دادگای لێكۆڵینەوەی تاوانەكانی سلێمانی/2 كە بڕیاری كۆتایی دادگایەو لە 18ی كانونی یەكەمی 2019دا دەرچووە، لەخاڵی سێیەمیدا دەڵێت: بەسەرنجدان لە راپۆرتی توێكاری پزیشكی كۆچكردوان و سەرجەم راپۆرتەكانی نوسینگەی بەڵگەو تاوان و وەرگرتنی وتەی شایەت و سەرجەم وتەكانی داواكارانی مافی كەسی كۆچكردوان و سەرنجدان لەسەرجەم گرتە ڤیدیۆیەكە كە دەركەوتوە تۆمەتباری ئەم كێشەیە (ئامانج محەمەد نوری)یە كە ناوبراو بەوپێیەی تۆمەتبارە بەپێی ماددەی (406) لەیاسای سزادان و تۆمەتباری ناوبراویش لەو رووداوەدا خۆی كوشتوە، بۆیە بڕیاردرا بەداخستنی كێشەكە بەشێوەیەكی كۆتایی.

شەوی 16ی ئۆكتۆبەری 2019، هەردوو رۆژنامەنوس ئامانج بابانی و لایەنە محەمەد و هامنۆی تەمەن سێ ساڵی كوڕیان، لە رووداوێكدا لە سلێمانی، لەنزیك تێرمیناڵی شارەزوور، بە فیشەك گیانیان لەدەستدا.









داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن