راچڵەکین-
پسپۆڕێکی زانستی ئازار و بهنج باس لەو هۆکارانە دەکات کە راستەوخۆ لە دوای هەستان لەخەو دەبنە هۆی ئازاری شان و مل.
د ۰ ههڤین کهمال شاه محەمەد، پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج دەڵێت، بەدڵنییایەوە ھەستان لەخەو لەگەڵ ئازاری شان و ملدا زۆر بێزارکەرەو ئەو ڕێگایە نییە کەتۆ بتەوێت ڕۆژەکەتی پێ دەستپێبکەیت. بەئاسانی مەزاجت تێکدەدات و وادەکات بە سادەترین جووڵە، وەکو سوڕانی سەر ومل ئازارت بۆ دروست بێت.
ھۆکارەکانی ئازاری مل چییە لە کاتی ھەستان لەخەو ؟
لەوانەیە زۆر بیرت لە شێوازی جەستەت نەکردبێتەوە لەکاتی خەوتندا، یاخود ئەو سەرین (بالیفە)ی بەکاریدەھێنیت، بەڵام ئەم دووانە دوو ھۆکاری گرنگن بۆ دروستبوونی مل ئێشە، ھەروەھا دەبنە ھۆی پشت ئێشە و ئازاری جۆراوجۆری تریش.
توێژینەوەکان دەڵێن تێکچوون و کێشەی خەو بە ڕێژەی (٥٪ ) سەرچاوەی ئازاری بەردەوامن. زۆربەی ئەم ھۆکارانە دەتوانن کۆنتڕۆڵ بکرێن، ھەر بۆیە گۆڕینی ھەندێک خووی خەوتن یاریدەدەرە بۆ کۆنتڕۆڵی ئازاری شان و مل.
♦️ھۆکارەکان:
--- شێوازی خەوتن: خەوتن لەسەردەم ھۆکارێکی گرنگە بۆ ئازاری مل، ملت لەوانەیە بەیەک لادا بکەوێت بۆ چەند کاتژمێرێک، کە کاریگەری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی مل و گرژبوونیان. ھەروەھا کاریگەری خراپیشی ھەیە لەسەر ماسولکەکانی پشت.
--- بالیف یاخود سەرین: ھەڵبژاردنی بالیفی تەندروست کە بۆ شان و ملی تۆ گونجاو بێت زۆر گرنگە، ئەو بالیفەی ھاوسەنگیەکی باش بۆ شان و ملت دروست نەکات، ئەگەری دروستکردنی فشاری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی ملت و دروستکردنی مل ئێشە.
--- جووڵەی لەپڕ: وەکو ھەستانە سەرپێی لەپڕ یاخود لەکاتی خەودا جوڵاندنی لەپڕی قۆڵەکان، ئەگەری دروستبوونی مل ئێشە زیاد دەکەن.
---- پێکانی پێشووتر: وەکو ڕوودانی وێپلاش (فشار بۆ ەر ماسولکەی مل لەکاتی ڕووداوێکدا)، یاخود پێکانە وەرزشییەکان. لەدوای چەند ڕۆژێک لە پێکانەکە لەوانەیە ھەست بە ئازار بکرێت.
---- ھەندێک ھۆکاری تر: وەک شێوازی ھەڵەی وەستان لە ڕۆژدا، کارکردن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر کۆمبیوتەر و بەکارھێنانی زۆری مۆبایڵ، داخورانی جومگەکانی مل، خزانی دیسکی مل، ھەندێک حاڵەتی نەخۆشی وەکو ڕۆماتیزم، فایبرۆمایەڵجیا.
♦️چۆن لە ئازاری مل ئێشە خۆت ڕزگاردەکەیت؟
--- ئەگەر لەسەردەم (لەسەر سک) دەخەویت، ھەوڵ بدە لەسەر لا بخەویت و بالیفێک بخەیتە نێوان ئەژنۆکانت (بە شێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا)، وەدڵنیابەرەوە لەوەی کە بالیفەکە لەژێر سەرتدا بەرزتر نیە وەک لەژێر ملت. ھەوڵبدە بالیفی پەڕ بەکاربێنیت کە بەئاسانی شێوەی سەر و ملت وەردەگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی بالیفی پەڕ زوو تێکدەچێت، باشترە ساڵی جارێک بگۆڕێت و بالیفێکێ نوێ بەکاربھێنرێت، بالیفێکیش بەکارمەھێنە کە زۆر ڕەق بێت یان زۆر نەرم، بەڵکو با مامناوەند بێت.
---- ئەگەر دۆشەکەکەت لەناوەڕاستدا چاڵ بوو، ھەوڵبدە بە زووترین کات بیگۆڕیت، دۆشەکێک بەکاربھێنە کە نە ڕەق بێت نە زۆر نەرم، کەبتوانێت پاڵپشتی ماسولکەکانی پشت و ملت بکات.
---- ھەوڵبدە بە ڕۆژ شێوازی وەستان و دانیشتنت تەندروست و ڕاست بێت.
---- کاتێک مۆبایڵ بەکاردێنیت ھەوڵبدە لە ئاستی چاوتدا ڕایگریت، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لە نوشتانەوەی ملت بگریت، مۆبایلەکەشت لەنێوان شان و گوێتدا ھەڵمەگرە کاتی قسەکردن.
---- وەرزش بکە بەشێوەیەکی ڕۆژانە و ڕێک، وەرزشی ڕۆژانە یارمەتی بەھێزکردنی ماسولکەکان دەدات، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت.
---- ئەگەر ئازارت بۆ پەیدا بوو، دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت، ئەگەر زیاد لەچەند ڕۆژێکی خایاند بیکە بە پاکی گەرم بۆ ماوەی بیست خولەک لەسەر شوێنی ئازارەکە.
---- دەتوانیت ھەندێک وەرزشی سادە ئەنجامبدەیت وەکو؛ ڕۆشتن بەپێ، یۆگا، وەرزش لەناو ئاودا...ھتد، ئەمانە یارمەتی ھاتوچۆی خوێن دەدەن لەناوچەکە، ئازار و گرژی کەمدەکەنەوە، ھیچ کاتێک لەجووڵە مەوەستە، وەستان لەجووڵە گرژی و ئازار زیاد دەکات.
---- بەکارھێنانی ئازارشکێن و ماسولکە خاوکەرەوەکان.
---- ئەگەر ئەمانە سوودی نەبوو، پێویستە ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت.
ئاگاداربە؛ مرۆڤ (١⁄٣)ی ژیانی لەخەودا بەسەردەبات، بۆیە زۆر گرنگە جێگای خەوتنت لەبار و تەندروست بێت.