ڤایرۆسی كۆرۆنا.. چارەسەرو زیانە گیانی و داراییەكانی

ڕاپۆرت

13/03/2020     ژمارەی بینراو 436

راچڵەكین- رێژنه‌ فائق

وێڕای ئەو هەوڵانەی لە سەرانسەری جیهاندا دەدرێن بۆ كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەم ڤایرۆسە تادێ زیاتر بڵاودەبێتەوە و ناوچەی زیاتریش دەگرێتەوە.

زۆرێك لە نەخۆشخانەكان شوێنی تایبەتیان داناوە بۆ مانەوەی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن، یان نیشانەكانی پەتای كۆرۆنایان تیادا دەركەوتووە، بەڵام پرسیارەكە لەوەدایە ئایا لەو شوێنە تایبەتانەدا دەتوانرێت كۆنترۆڵی كۆڤید 19 بكرێت؟

دكتۆر گلین ۆرتمان، لە نەخۆشخانەی واشنتۆن، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "ئەمە پرسیارێكی زۆر قورسە تا وەڵام بدرێتەوە، لە ڕاستیدا دەكەوێتە سەر ژمارەی نەخۆشەكان، ئەگەر ژمارەكە كەم بوو ئەوا بە دڵنیاییەوە دەكرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەیەكی زۆر بێت، ئەوا هیچ نەخۆشخانەیەك لە جیهاندا ناتوانێت."

رێشوێنی نەخۆشخانەكان

وەك چۆن لە هەموو ناوەند و دەزگاكانی كەرتی گشتی و تایبەتیشدا ڕێوشوێنی تایبەت گیراونەتەبەر، ئاوهاش نەخۆشخانەكانیش دەخوازن لە ڕێی سكایپ و تەلەفونەوە لە پەیوەندیدا بن بە نەخۆشەكانەوە.

دكتۆر ستیڤن وایت، لە بەشی تەندروستی زانكۆی میزۆری جەخت دەكاتەوە لە باشی ئەم هەنگاوەی نەخۆشخانەكان و دەڵێت "ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ ئەنفلۆنزای ئاسایی و هەروەهاش بۆ ڤایرۆسی كۆڤید 19. نەخۆشەكان، دەكرێت بە خێرایی هەڵسەنگاندنی تەندروستییان بۆ بكرێت و وەڵامی پرسیارەكانیشیان بدرێتەوە و دەشتوانین ئەوانەی پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت بیانگوازینەوە."

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە لەوەی پێویستە خەڵك هەرچ ڕێگەیەكی كە بە پێویستی دەزانن بیگرنەبەر بۆ خۆپاراستن، چونكە وەك دەڵێن ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڤایرۆسەكانی تر مەترسیدارترە.

دكتۆر پیتەر پیۆت، لە زانكۆی لەندەن، یەكێك بووە لەو دوو كەسەی ڤایرۆسی ئیبۆلایان دۆزییەوە و دەڵێت "كۆڤید 19 زۆر زۆر خراپترە لە ئیبۆلا، چونكە گواستنەوەی ئیبۆلا لەڕێی نزیكبوونەوەیەكی زۆرەوەیە، هەرچەندە ئیبۆلا جێی مەترسییە، بەڵام بە ئاسانتر كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێی هەناسەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش وایكردووە ببێتە جێی دڵەڕواكێ، واتە ئەمە شتێكە دەشێت هەر بە قسەكردن لەگەڵ كەسێكدا بۆت بگوازرێتەوە."

 

دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا

تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا هیچ چارەسەرییەك بۆ ئەم پەتایە نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە دكتۆر گلین پێشنیاز دەكات، هەر هیچ نەبێت بۆ ئێستا ڕێوشوێنە كۆنەكان بگیرێنەبەر بۆ خۆپاراستن و ڕێگەگرتنیش لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

دكتۆر گلین، لە نەخۆشخانەی واشنتۆن دەڵێت "ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بە هەر ڕێگەیەك بێت یان لەلایەن هەر ناوەندێكەوە بێت، هەر زۆر قورسە، چونكە تا ئێستا دەرمان و چارەسەرییەك نییە كە بتوانرێت بڵێین پڕ بە پێستی ئەم نەخۆشییەیە، لەبەر ئەوە شێوازە كۆنەكانی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە بەكار دەهێنرێت."

كۆرۆنا و زیانە داراییەكانی

ڤایرۆسی كۆرۆنا جگە لە زیانە گیانییەكان و ئەو مەترسییە تەندروستیانەی هێناویەتە ئاراوە، زیانێكی گەورەیشی لە ئابوری جیهان داوە، بە ئەندازەیەك تا ئێستا چەند جارێك كردنەوەی بازاڕەكانی دراو لە جیهاندا دواكەوتووە.

چانچای پانتانا، جێگری سەرۆكی ئاسیا پڵەس بۆ توێژینەوەی ئاسایشی ئابوری، دەڵێت "ئاڕاستەی گشتی بازاڕ لە جیهاندا سەر بەرەوخوارە، هۆكاری سەرەكیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە لە هەموو وڵاتێكدا هەیە و هیچ ئاماژەیەكیش لە ئارادا نییە ڕەوشەكە بەرەو باشی بڕوات. فاكتەرێكی تریش دابەزینی خێرای نرخی نەوتە بەهۆی ئەوەی عەرەبستانی سعودیە و ڕوسیا نەگەیشتنە ڕێككەوتن."

بێجگە لە وڵاتی چین، زیاتر لە 50 هەزار كەس لە جیهاندا پشتڕاستكراوەتەوە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و هەر وڵاتەش بەپێی هەلومەرجی خۆی ڕێوشوێنی تایبەتی گرتۆتەبەر بۆ خۆپاراستن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن