راچڵەكین –
رێبواری عەلی شامار بڕیاریدا سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگا میدیاییانە تۆماربكات كە بابەتیان لەسەری بڵاوكردووەتەوەو رایدەگەیەنێت: ئەو پەیج و سایتە بێ خاوەنانە بە ناحەق و ناڕەوا هێرش دەكەنە سەرمان و تیرۆری كەسایەتیمان دەكەن.
رێبواری عەلی شامار كە فەرماندەیەكی سەربازییە بەپلەی رائید، لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ 16-12-2021 بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە،" بەداخەوە ژمارەیەك پەیج و سایتی بێخاوەن و ئاڕاستەكراو لەلایەن چەند كەسێكی ناخ پیس، دوور لەھەموو بەھاكانی مرۆڤایەتی و مافی كەسێتی، بە مەبەست كەوتوونەتە تیرۆركردنی كەسێتی مەعنەویی من و چەند رۆژێكە بە داتاشینی درۆ و بوختان دەیانەوێت ناشرینییەكانی خۆیانی پێدابپۆشن".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو وەك كەسێكی سەربازی، پابەندە بە راپەڕاندنی ئەركەكانی خۆی لە چوارچێوەی دسپلینی سەربازی و پەیوەست بوون بە یاسا و رێكارەكانەوە.
ئەو فەرماندە سەربازییە ئاشكراشیكردووە، كە وەك ئینتمای حزبی، لای ھەموو لایەك روونە خانەوادەكەیان ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بوون و رۆژێك لە ڕێگای راستی كوردایەتی و یەكێتی لایان نەداوە، جەختیشی كردووەتەوە لەسەر پابەندبوون بە سیاسەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال و خوێنی شەھیدان.
رێبواری عەلی شامار روونیشیكردووەتەوە، پێگەی بنەماڵە و خەباتمان سوورترمان دەكات كە بەردەوام بین لە خزمەتكردنی یەكێتییەكەی مام، دوور لە بەرژەوەندی و شەخس پەرستی، ئەوەی گرنگە یەكێتی بوونمان و پابەندبوونمانە بە یەكێتی راستەقینەوە كە یەكێتیی مامە.
لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا، رێبواری عەلی شامار رایگەیاندووە،" لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكەم بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر سەرجەم ئەو دەزگا میدیایی و ماڵپەڕو پەیجانەی كە بە ناحەق و ناڕەوا هێرش دەكەنە سەرمان و تیرۆری كەسایەتیمان دەكەن".