"هێنانەوەی خێزانەكانی داعش مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر هەرێم و عیراق"

ڕاپۆرت

27/12/2021     ژمارەی بینراو 528

راچڵەكین-

بڕیارە 500 خێزان لە رێگای چەند كاروانێكەوە بگەڕێندرێنەوە عیراق، حكومەتی بەغدا دەستی بە گەڕاندنەوەیان كردووە، دوایین كاروان دوو هەفتە لەمەوبەر بوو كە 126 خێزان و زیاتر لە 560 كەس بوو.

گەڕاندنەوەی كەسوكاری تیرۆریستانی داعش مشتومرێكی لەبارەی داهاتووی ئەو كەسانە و چارەنووسیان لە ناو كۆمەڵگادا دروست كردووە. شێروان دووبەردانی، كاندیدی سەركەوتوو بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند، گەڕانەوەی كەسوكاری داعش مەترسییە بۆسەر عیراق و هەرێمی كوردستان.

دووبەردانی، كە لە خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق سەرۆكی لیژنەی هەرێمەكان و پارێزگا نا رێكخراوەكان لە هەرێمدا بوو لەبارەی گەڕانەوەی كاروانی چوارەمی كەسوكاری داعش لە كەمپی هۆڵ لە سووریا بۆ كەمپی جەدعە لە نەینەوا، رایگەیاند: "بڕیارە 500 خێزان لە رێگای چەند كاروانێكەوە بگەڕێندرێنەوە عیراق، حكوومەتی عیراق دەستی بە گەڕاندنەوەیان كردووە، دوایین كاروان دوو هەفتە لەمەوبەر بوو كە 126 خێزان و زیاتر لە 560 كەس بوو.

شێروان دووبەردانی وتیشی: "كاروانی چوارەم لە رۆژی پێنجشەممەدا دەگەڕێتەوە، هێشتا بە دروستی دیار نییە كە 100 خێزانن یان زیاترن، لەئێستادا لە كەمپی هۆڵ دەست بە ناونووسینی ئەوانە كراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ كەمپی جەدعە كە ناوەكەی گۆڕاوە بۆ سەنتەری شیاندن".

لەبارەی ژمارەی ئەو عیراقییانەی لە كەمپی هۆڵ-دان و میكانیزمی گەڕانەوەیان بۆ عیراق، وتی: "زانیاریمان هەیە كە ئەو عێراقییانەی لە كەمپی هۆڵن، زیاتر لە 30 هەزار كەسن، واتا زیاتر لە چوار هەزار و 500خێزانن، قۆناغی یەكەم 500 خێزان دەگەڕێندرێنەوە بۆ باشووری مووسڵ، لەو ژمارە عێراقییانەی لە كەمپی هۆڵ-ن، زیاتر لە 18 هەزار كەس خەڵكی پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەددین-نن، زیاتر لە چوار هەزار كەس خەڵكی مووسڵ-ن، سێ كاروانەكەی دیكە زۆربەیان خەڵكی ئەنبار و سەڵاحەددین-نن، پێموابێت 40 بۆ 50 كەس خەڵكی مووسڵ-ن".

رۆژی 25ی ئایاری رابردوو، 94 خێزان كە لە 381 كەس پێكهاتبوون لە كەمپی هۆڵ گەڕێندرانەوە بۆ كەمپی جەدعە كە بەشێكی زۆریان خەڵكی پارێزگای سەڵاحەددین بوون، دواتریش لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەی شەرگات سەربە پارێزگای سەڵا‌حەددین، بەڵام دانیشتوانی ناوچەكە رازی نەبوون بەوەی كەسوكاری داعش بگەڕێنەوە ناوچەكەیان و بەمهۆیەوە بە هێرشی چەكدارییان بۆسەر كەسوكارانی داعش ئەنجامدا و بەهۆی مەترسی بەرپابوونی شەڕ و تێكچوونی دۆخی ناوچەكە، بۆیە جارێكی دیكە كەسوكارانی داعش گواسترانەوە بۆ كەمپی جەدعە.

شێروان دووبەردانی لەبارەی مانەوەی كاتێكی دیاریی كراو لەنێو كەمپەكان و چارەنووسی كەسوكارانی داعش رایگەیاند "لەبەر ئەوەی حكوومەتی خۆجێیی ئەنبار و سەڵاحەددین قبوڵ ناكەن بە گەڕانەوەی كەسوكارانی داعش، پێش ماوەیەك سەرۆكوەزیرانی عێراق كازمی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، پلانیان وابوو كە كەمپەكە دابخرێت و خەڵكەكە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بەڵام دیارە هەندێك لە دانیشوانی سەڵاحەددین كە شەهید و قوربانییان داوە، رازی نەبوون بە گەڕانەوەی كەسوكارانی داعش و هێرشیان كردە سەر گەڕاوەكان بە چەك و نارنجۆك، دوای ئەوە بڕیاردرا كەسوكارانی داعش لەناو كەمپەكە بمێننەوە".

بە پێی قسەكانی ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حكوومەتی عێراق نایەوێ كەمپی جەدعە بەر بڕیاری داخستنی سەرجەم كەمپەكان لە عێراق بكەوێت و بۆیە لە هەنگاوێكی نوێدا ناوی كەمپەكەی بۆ سەنتەرێكی شیاندن گۆڕیوە و مەبەست لێی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی كەسایەتی نیشتەجێكراوەكانی سەنتەرەكەیە.

شێروان دووبەردانی لەم بارەیەوە دەڵێت: "حكوومەتی عێراق ناوی كەمپەكەی گۆڕیوە بۆ سەنتەر، رێكخراوەكان لەسەر خەتن لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، هێزێكی ئەمنیی ئەركی پاراستنی كەمپەكەی لە ئەستۆ گرتووە كە بتوانن كۆنترۆڵی ئەو كەسانە بكەن كە گەڕاونەتەوە".

كاروانی دووەمی گەڕاوەكان لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامدرا كە تیایدا 115 خێزان كە پێهاتبوون لە 487 كەس گەڕێندرانەوە كەمپی جەدعە و كاروانی سێیەمیش بەرلە دوو هەفتە گەڕێندرانەوە، شێروان دووبەردانی كاروانی سێیەمی گەڕاوەكان كە 126 خێزان و زیاتر لە 560 كەس بوو بە مەترسیدارتین كاروان ناودەبات بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجانی پەروەرەدی بیری توندوتیژی لەنێو كاروانەكەدا بوون و لەمبارەیەوە گوتی: "كاروانی سێیەم، ترسناكترین كاروان بوو كە چوونە كەمپەكە، لەبەر ئەوەی كەمپی هۆڵ ترسناكترین كەمپە لە جیهاندا بەهۆی ئەو توندوتیژییە لە بیری داعشدا هەیە، دەوڵەتی نا ئیسلامیی شەرعییەتی بەتەواویی لەنێو كەمپەكەدا هەیە، ئەوانە كە بەشێكیان تەمەنی خوار 18 ساڵ بوون، زیاتر لە حەفت ساڵە لەو كەمپەدا نیشتەجێن لەگەڵ داعش، گەڕانەوەیان لەم دۆخەی ئێستادا كە داعش بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق لە ناوچە جیاجیاكاندا، ئەوانەش بە دڵنیایییەوە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ كەسوكاریان لە پارێزگای مووسڵ و ناوچەكانی دیكەدا و پەیوەندییان پێوەدەكەن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئایندەی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گشتی هەیە".

شێروان دووبەردانی هەروەها گوتی: "هەندێك هەیە خێزانی داعشن و هەندێك خێزانەكانیان بەرپرسیارێتییان هەیە لەنێو داعشدا و هەندێكیشیان هەیە كەسوكاریان هاتوونە و گەواهی ئەوەیانداوە كە كەسوكارەكەیان هیچ پەیوەندییان لەگەڵ داعش نەبووە، حكوومەتیش حەز بەوە دەكات ئەوانە بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگا و ژیانی خۆیان دەست پێبكەنەوە، بۆیە هەندێك لەو خێزانانەی كە كەسوكارەكانیان هاتوون و بوونەتە كەفیلیان، ئەوا لە كەمپەكە چوونەتە دەرەوە".

شێروان دووبەردانی دەشڵێت "بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، كاروانی چوارەمی كەسوكارانی داعش لە كەمپی هۆڵ باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بگوازرێنەوە بۆ كەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا باكووری عێراق".

كەمپی ھۆڵ دەكەوێتە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا و لە ساڵی 1991 دروستكرا بە ئامانجی حەواندنەوەی ئاوارە عێراقییەكانی جەنگی دووەمی كەنداو، دواتر لە 2003 دوای هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق جاریكی دیكە كرایەوە.

لەئێستادا كەمپی هۆڵ زیاتر لە 70 ھەزار لە كەسوكارانی داعشی تیادایە و لەو ژمارەیەش 30 ھەزار كەس ھاووڵاتیی عێراقین كە 18 ھەزار و 800یان خەڵكی پارێزگای ئەنبارن، چوار ھەزار و 400 كەسیان خەڵكی پارێزگای نەینەوان، زیاتر لە سێ ھەزاریان خەڵكی پارێزگای سەڵاحەددین-نن و ئەوانی دیكەیشیان خەڵكی پارێزگاكانی كەركووك و بەغدان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن