راچڵەکین-
پۆلسی گەرمیان رایگەیاند، لەگەڕەکی ئاوارەکانی قەزای کەلار کچێک فیشەک بەخۆیەوە دەنێ، بەڵام دوای ڕەوانەکردنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
مقەدەمی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە لەگەڕەکی ئاوارەکانی قەزای کەلارەوە کچێکی تەمەن 15ساڵان بەناوی (ب - و - ع ) هێنرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کەبەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە برینداربووبوو.
بەوتەی کەسوکارەکەی بۆ پۆلیس ئەو کچە هیچ کێشەکی نەبووە لەماڵەوە بەدەمانچەکەی باوکی فیشەکی بەخۆیەوە ناوە.
پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت، دوای چارەسەری خێرا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا، بەڵام پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پۆلیس چووەتە شوێنی ڕوداوەکەو لەسەر چۆنێتی و هۆکاری خۆکوشتنی ناوبراو دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە.