پەرلەمان و ئاسایش لەبارەی جلەکانی ئەو زیندانیانەی کە کتێبخانەی پیرەمەگرونیان سوتاند چی دەڵێن؟

ڕاپۆرت

05/01/2022     ژمارەی بینراو 905

راچڵەکین-

شەوی رابردوو ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکیان لەسەر سووتاندنی کتێبخانە و چەند فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری لە پیرەمەگروون بڵاوکردەوە ئەوەش کاردانەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کە چۆن بەوجۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، جلوبەرگ ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەوەبدات کە کەسێک تیرۆرست بێت، بەڵکو ئەوە جلی سجنە و زۆر ئاساییە خۆ ناچن جلی سپییان لەبەر بکەن لە سجندا، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت:"لەبەرکردنی ئەو جلانە هیچ مەبەستێکی لە پشتەوە نییە ئەوە جلی ستانداری نێودەوڵەتی زیندانییەکانە کە دەبێت هەمووی یەک رەنگ بێت".

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" ئەو کەسانە بە پێی فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و دوای لێکۆڵینەوە ئەگەر بێتاوان بوونایە ئازاد دەکران، ئەگەر تۆمەتێکیشیان لەسەر ساخ بێتەوە بە پێی جۆری تۆمەتەکە سزا دەدرێن، راستە شکاندنی کەسایەتی خەڵک شتێکی ناخۆشە، بەڵام باشتر وایە خەڵک شارەزایی لە بابەتەکان هەبێت ئینجا قسەی لەسەر بکات، خەڵک وا دەزانێت دادوەر بە ئارەزوی خۆی بیەوێت چ سزایەک بسەپێنێت ئەتوانێت، بەڵام وا نییە ئەوە یاسایە سزاکەی دیاریکردووە دەڵێت ئەگەر ئەو تاوانەی کرد ئەوە سزاکەیەتی".

دەشڵێت:"بابەتی جلوبەرگ نابێتە قیاس کە هاووڵاتییەک لەسەر بابەتێکی ئاسایی گیرابێت بە تیرۆرست لە قەڵەمی بدەیت ئەوە جلوبەرگی سجنە لە زۆربەی شوێنەکانی دنیا بەوشێوەیە تۆ بزانە ماددە و حکومەکەیان چییە و چ تۆمەتێکیان لەسەر ساخ بووەتەوە ئەو کاتە دەتوانی بڵێی تۆ هاتووی ئەمانەت بە تیرۆرست هەژمارکردووە، جلو بەرگ ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەمانە بدات کە تیرۆرستن و ئەوە بە بڕیاری حاکمە و ئەو جلو بەرگەش هی سجنە و زۆر ئاساییە"

ئەو پەرلەمانتارە روونیدەکاتەوە و دەڵێت:" ئیدارەدان لە هەموو شوێنێک نیزامی خۆی هەیە، خۆ کەسێک نەهاتووە لە داخا ئەم جلانە بکاتە بەری ئەو کەسانە ئەوە نیزامە  ئەمانە دەستبەسەرن و دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بۆیە ناکرێت خەڵک لە جێی خۆیەوە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکات".

جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستانی ئاماژە بەوەدەکات کە بڕیاردانی پێشوەخت بۆ خەڵک و کۆمەڵگاش باش نییە، ناکرێت لە خۆیەوە دەسەڵاتدارە ئەمنییەکان ناشیرین بکرێن و خەڵک بترسێنرێت، چونکە  قەلەقی لە کۆمەڵگادا دروست دەبێت، لەبەر ئەوەیە باشتر وایە ئەگەر خەڵک شارەزایی لەسەر بوارێک نەبوو قسەی لەسەر نەکات بۆئەوەی قەلەقی لەناو کۆمەڵگدا دروست نەبێت". 

لای خۆشییەوە یاسن سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ئەوانە کەسی ئەم نیشتمانەن و رۆڵەی خۆمانن، کارێکی دەرچوو لە یاسایان کردووە و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراون و رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتە بەر".

"لەبەرکردنی ئەو جلانەش هیچ مەبەستێکی دیکەی لەگەڵدا نییە ئەوە جلی ستانداری نێودەوڵەتی زیندانییەکانە کە دەبێت لە ناو زینداندا یەکپۆشی هەبێت و پەیوەندی بە جۆری تاوانەکەوە یان تۆمەتەکەوە نییە، بەڵکو هەرچی بێت دەبێت جلوبەرگەکانیان یەک شێوە بێت، بۆیە شتێکی جیاوازمان نەکردووە ئەوە ستانداردی جیهانییە". وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.

دەربارەی ئەوەی کە هاووڵاتییان دەڵێن بۆچی ئەو کەسانەی ئازاری خۆپیشاندەرانیان دەدا سزا نادرێن وتیشی:" هەر کەسێک لە هەر پلەو پۆستێکدا بێت سزا دەدرێت کاتێک کارێکی نایاسایی بکات رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر، بەڵێ هەبووە لە هێزە ئەمنییەکانیش کاری دەرچوون لە یاسایی کردووە و ریکاری یاسایی گیراوەتە بەر و بەپێی یاسایی سەربازی سزای بەسەردا جێبەجێکراوە کە رێکار و بڕیارەکانی جیاوازە لەگەڵ کەسانی دیکە، زۆر جار سزاکەی لە خەڵکانی دیکەش توندتر بووە".

لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە شارۆچکەی پیرەمەگروون چەند کەسێک کتێبخانەی گشتی، سەنتەری رۆشنبیریی منداڵان، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکە، فەرمانگەی هاتووچۆ و فەرمانگەی کارتی نیشتمانییان سووتاند.
  
بەپێی راگەیەندراوێکی ئاسایشی سلێمانی کە شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە"دەستیان هەبوو لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەی دانیشتووانی شارۆچکەی پیرەمەگروون، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕوویان کرابووەوە".

ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو کەسانەی کتێبخانەی پیرەمەگرونیان سوتاند

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن