توركیا؛ ماوەی كەرەنتینەی ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا دەبن كەمكرایەوە

جیهان

06/01/2022     ژمارەی بینراو 436

راچڵەكین-

وەزیری تەندروستیی توركیا، رایگەیاند، ماوەی حەوت رۆژ بۆ كەرەنتین كردنی ئەو كەسانە دیاریكراوە كە پشكنینی كۆۆنایان پۆزەتیڤ دەردەچێت.

 فەخرەددین كۆجا دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانستی وڵاتەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

فەخرەددین كۆجا، رایگەیاند: "بڕیار دراوە بە دیاریكردنی ماوەی حەوت رۆژ بۆ كەرەنتین كردنی حاڵەتە پۆزەتیڤەكان. ئەو كەسانەی كە لە رۆژی حەوتەمدا نیشانەی سووك یان ھیچ نیشانەیەكیان پێوە دیار نییە ئەوە كۆتایی بە كەرەنتینەكەیان دەھێندرێت. ئەگەر حاڵەتە پۆزەتیڤەكان لە رۆژی پێنجەمدا پشكنینیان ئەنجامدا و ئەنجامەكەی نێگەتیڤ بوو ئەوە كۆتایی بە كەرەنتین كردنیان دەھێندرێت".

كۆجا لە راگەیەندراوەكەیدا ئەوەی ئاشكرا كردووە كە سەرنجیان خستووەتە سەر ماوەی كەرەنتین كردن بۆ دۆخی ئێستا و بڕیاریان لەسەر ئەوە داوە كە رێكاری نوێ رابگەیەنن و دەڵێت:

ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەو كەسانەی كە بەركەوتەیان ھەبووە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دۆزی سێیەمی ڤاكسینیان لەخۆیان داوە یان تووشی ڤایرۆسەكە بوون ئەوە كەرەنتین ناكرێن".

وەزیری تەندروستیی توركیا، فەخرەددین كۆجا، باسی لەو بڕیارانەش كردووە كە لەسەر خوێندنی رووبەڕوو دەریان كردووە و دەڵێت: "خوێندنی رووبەڕوو لە خوێندنگاكانمان بەردەوام دەبێت. تاكو سەرجەم دامەزراوەكانی وڵاتەكەمان دانەخرێت خوێندنگاكانمان داناخرێن. بە پابەندبوون بە رێنماییەكانەوە بەردەوامی بە خوێندن دەدرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن