چوارچێوەی ھەماھەنگیی تانە لەیەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدات

عێراق

12/01/2022     ژمارەی بینراو 354

راچڵەكین-

چوارچێوەی ھەماھەنگیی بڕیاریدا تانەی یاسایی لەسەر یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمار بكات و رایگەیاند، پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی لە دانیشتنەكەدا روویداوە.

دوای كۆبوونەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی كە ژمارەیەك لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت لەبارەی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، بڕیاریاندا سكاڵا تۆمار بكەن.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لەدانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی روویداوە و بەھۆیەوە ھەندێك ئەنجامی لێكەوتەوە كە پشت بە بنەما دەستووریی و یاساییەكان نابەستێت".

لەیەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی نوێنەرانی عیراق كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، كاندیدی ھاوبەشی فراكسیۆنی تەقەدوم و عەزم، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەدر، حاكم زاملی بە جێگری یەكەم و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.

لە راگەیەندراوەكەدا، باس لەوەكراوە، چوارچێوەی ھەماھەنگیی تانە لە دادگای فیدراڵیی تۆمار دەكات، ئەوەش بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو گرفتە گەورەیەی كە لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا روویدا.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەك لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەكانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن