مالیكی بە ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە هەڵبژێردرایەوە

عێراق

15/01/2022     ژمارەی بینراو 217

راچڵەكین-

نوری مالیكی جارێكی دیكە بە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی عیراقی هەڵبژێردرایەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەی 18مینی حزبی دەعوەی ئیسلامی كە لە ژێر دروشمی "ناسنامەمان ئیسلامییە رووبەڕووی ئاستەنگەكان دەبینەوە و نیشتمان بونیاد دەنێین" كارەكانی بەڕێوەدەچێت، جارێكی دیكە نوری مالیكی، بە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامیی هەڵبژێردرایەوە.
 
حزبی دەعوەی ئیسلامی، پارتێكی سیاسی عیراقییە و یەكێك لە پارتە شیعییە سەرەكییەكانە، لە ساڵی 1957 دامەزراوە.

محەممەد باقر سەدر مەرجەعی ئایینی شیعەكان، یەكێك لە دیارترین دامەزرێنەرەكانی حزبەكە بوو، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لەسێدارەدرا. 
 
نوری مالیكی، لە ساڵی 2006وە ئەمینداری حزبی دەعوەیە، كاتێك شوێنی ئیبراهیم جەعفەری گرتەوە.
 
نوری مالیكی، ناوی تەواوی، نوری كامل محەممەد حەسەن ئەبو ئەلمحاسن مالیكییە، بە باوكی ئیسراش دەناسرێت، ساڵی 1950 لەدایكبووە. بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلیژی ئوسوڵی ئایین لە بەغدا وەرگرتووە. ماستەری لە زمانی عەرەبی لە زانكۆی سەڵاحەددین بەدەستهێناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن