پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دەنگ بەكێ دەدەن؟

چاوپێکەوتن

02/02/2022     ژمارەی بینراو 663

راچڵەكین-

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، دابەشبوونی كورد سەقامگیری دروست ناكات و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبێت و زیانی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەبێت لانی كەم لەسەر موچە و بوجەی هەرێم.

محەمەد ئەحمەد، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە: " ئەم جارە دۆخی عیراق لە هەموو جارەكانی تر خراپترە، چونكە ئەم جارە هەڵسوڕێنەری كاری سیاسی لە عێراقدا كە ماڵی شیعە بوو، خۆی تووشی دابەشبوون بووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئایندەی عێراق دەبێت، بۆیە هەموو لایەنەكان فشار دەكەن تا ماڵی شیعە ڕێكبخەنەوە، چونكە كاریگەری لەسەر هەموو كایەكانی تری ناو عێراق دەبێت. "

دەربارەی ناو ماڵی كوردیش ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو وتی:" ناو ماڵی كورد ئەوەندە ئاسان نیـیە، هەرچەندە هەندێك جار هەوڵی یەكخستنی هەڵوێستەكان دراوە بە شێوەیەكی ڕواڵەتی، بەڵام خۆی هەر جۆرێك لە دابەشبوونی پێوە دیاربووە بە درێژایی مێژوو، بەڵام كورد ئەو كاریگەرییە زۆرەی لەسەر كایەكانی عێراق نیـیە، ئەمەش باسی عێراقە، دابەشبوونی كوردیش دەوڵەتانی دەوروبەر لەو ڕووەوە لێی دەترسن كە ببنە هۆی یارمەتیدانی زیاتری دابەشبوونی ماڵی شیعە، بۆیە ئێمە وا دەزانین كورد ئەگەر خاوەن یەك بەرنامە و ستراتیژ و كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەبێت ئاڵۆزییەكان لە عێراقدا زیاتر دەبن و لێكەوتەكانیشی بۆ كوردستان دەبێت. "

دەربارەی دابەشبوونی كوردیش، محەمەد زیاتر هۆشداری دا و وتی:" عێراق بۆتە مەیدانی تەراتێنی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەبەر ئەوە گوریس بچڕێنەكان توندن لەسەری بۆیە كاریگەری لێكەوتەكانی ناوخۆ دەرئەنجامی ئەو گوریسبچڕكێنانە دەگۆڕێت و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات، هەر لایەنێك هەوڵ دەدات بە جۆرێك دابەش بوونەكان ئاڕاستە بكات كە لە بەرژەوەندی كێشمە كێشمەكەی خۆی بێت، ئەوە بە گشتی لە بەرژەوەندی عێراق نیـیە و سەقامگیری دروست ناكات. دابەشبوونی كورد سەقامگیری دروست ناكات و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبێت و زیانی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەبێت لانی كەم لەسەر موچە و بوجەی هەرێم، خۆ ئەگەر شتەكانی تر لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابوریەوە لەبەرچاو نەگیرێن. "

محەمەد ئەحمەد بە پێویستیشی زانی" كورد بە یەكگرتووی مامەڵە بكات لانی كەم بە (تەوافوق) مامەڵە بكات و نەبنە هۆی زیاتربوونی دابەشبوونەكان لەسەر ئاستی عێراق. "

سەبارەت بەوەی دەنگی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بۆ چ كاندیدێكی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت؟ كاندیدەكەی یەكێتی یان پارتی؟ لە وەڵامدا، محەمەد ئەحمەد وتی" وەك دەزانرێت دەنگدان بە شێوەیەكی نهێنیە، ئەوە مافی ئەندام پەرلەمانەكان خۆیانە، ئێمە داوا دەكەین لایەنەكان ڕێكبكەون، بەرژەوەندی گشتی هەرێم چی دەخوازێت بەو شێوەیە ڕێكبكەون، واتە ئەو حاڵەتە ناجێگیرییەی لە كوردستاندا هەیە پێویستی بە چارەسەرە، پێویستە بەرپرسانی هەرێم لە خەمیدا بن، ئەوەتا خەڵك بێزار بووە، ژیانی قورس بووە و گەنجان كۆچ دەكەن، بازاڕ گران بووە. "

محەمەد ئەحمەد زیاتر لە بارەی ئەوەی حزبەكەی دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمارەوە دەدات؟ لەو ڕووەوە وتی:" هێشتا نازانم بڕیاری حزب خۆی چی دەبێت، بێگومان دیراسەی دەكات، دواتر چی لە بەرژەوەندی هەرێم و عێراق بێت بەو شێوەیە مامەڵە دەكات، چونكە ڕاستە سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفیە، بەڵام بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش گرنگە، بە تایبەت بۆ عێراق كە هەندێك لە جومگە سیاسیەكانی عێراق بەستراوە بەو پۆستەوە، وە بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ بەگەڕخستنی پۆستەكان گرنگە، لەبەر ئەوە بەداخەوە ئەم دوو حزبە لە هەرێمی كوردستان بە هەستیاری و ڕۆحی دەستبادانی یەكتری پاشقول لەیەكترگرتن و بێ متمانەیی لەگەڵ یەكتر مامەڵە دەكەن. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن