سەدر بۆ بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كرد

ڕاپۆرت

06/02/2022     ژمارەی بینراو 947

راچڵەكین-

لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بە تویتێك و بڕیارێك كە سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، شەقامی سیاسی لەنێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان ( هاوپەیمانی رەوتی سەدر) تووشی شۆككرد و سەرجەمیان چاوەڕواننەكراو بوون.

سەرەتای یاریەكەی موقتەدا سەدر بە تویتێكی ناوبراو دەستیپێكرد كاتێك داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەكەی كرد ئەگەر ( هۆشیار زێباری) كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عیراق، مەرجەكانی بوون بەسەرۆككۆمار تێدا نەبوو، ئەوا دەنگی پێنەدەن، بۆ رۆژی دواتر گۆمەكەی زیاتر شڵەقاند كاتێك حەسەن عەزاری، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەبڕیاری موقتەدا سەدر، هەموو جۆرە دانووستانێك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بۆ كاتێكی نادیار هەڵدەپەسێرن.

وتیشی، موقتەدا سەدر داوای لەسەرجەم پەرلەمانتارانی سەر بەڕەوتەكەی كردووە ئامادەی دانیشتنەكەی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەبن كەتایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراق.

ئەو دوو بڕیارەی موقتەدا سەدر، بۆ شەقامی سیاسی عیراق و هاوبەشەكانی شۆكهێنەربوو، لەبەر ئەوەی ئەوان هەموو هێلكەكانیان خستبووە سەبەتەكەی سەدر-ەوە لەكاتێكدا رابەرە گەنجەكەی رەوتی سەدر بە نا سەقامگیری لەبڕیارداندا ناسراوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی عیراقی ئاگادار بە رۆژنامەی ( ئەلعەرەب)ی چاپی لەندەن-ی راگەیاندووە، بڕیاری رەوتی سەدر بەبایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵپەساردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رابەری رەوتی سەدر نیگەران بووە بەرامبەر ئاڕاستەی گفتوگۆكانی تایبەت بە گەیشتن بە كاندیدێكی هاوبەش ب پۆستی سەرۆككۆماری بەتایبەت لەلایەن هاوپەیمانە كوردەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی.

سەرچاوەكە زیاتر دواو ئاماژەی بەوەكرد، سەدر بەو تویتەی رۆژی هەیینی رابردوو بڵاویكردەوە، ناڕازی بوونی خۆی راگەیاندووە لەبەرامبەر كاندیدكردنی هۆشیار زێباری لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، پێداگری و سووربوونی بارزانی-یش لەسەر كاندیدەكەی بڕیارەكەی رۆژی شەممەی موقتەدا سەدری بەدوای خۆیدا هێنا بۆ هەڵپەساردنی سەرجەم گفتوگۆكان و بایكۆتكردنی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران.

چاودێرانی عیراق ئاماژەیان بەوەكردووە، كێشەی موقتەدا سەدر لەگەڵ مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری-دا خۆی نابینێتەوە بەڵكو بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بارزانی چەند كەناڵێكی پەیوەندی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە ( بە چاودێری ئێران) ئەو دەستپێشخەریەش كە چەند رۆژێك پێش ئێستا خستییەڕوو كە تیایدا داوایكردووە چوارچێوەی هەماهەنگی بخرێتە نێو چوارچێوەی حكومەتی داهاتوو، ئەوەش داوایەكە لەلایەن موقتەدا سەدر رەتكراوەتەوە لەبەرئەوەی نوری مالكی بەشێكە لەو چوارچێوەیە.

تێوەگلانی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار لە گەندەڵی توڕەیی رای گشتی عیراقی بەدوا خۆیدا هێناوە، ئەوەش جۆرێك لە ئیحراجی بۆ موقتەدا سەدر دروستكردووە بەو پێیەی خۆی بە بەرهەڵستكاری گەندەڵی ناساندووە و دژایەتی ئەو دیاردەیە دەكات لە عیراقدا.

یەكێك لەپەرلەمانتارانی رەوتی سەدر كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای راگەیاندووە:" بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن موقتەدا سەدر-ەوە پەیامێكە بۆ كورد بەتایبەتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی لەسەر تاكە كاندیدێك بۆ ئەو پۆستی سەرۆككۆمار رێكبكەون."

وتیشی:" هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، رای گشتی نیشتمانی و جەماوەری لەسەر نییە."

ساڵی 2016 ئەو كاتەی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عیراق بەدەنگی 158 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كە زۆرینەیان سەر بەرەوتی سەدر بوون بەتۆمەتی تێوەگلانی لەكاری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، متمانەی لێ سەندرایەوە.

هۆشیار زێباری، لەنوێترین دەركەوتنیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دۆسێی تۆمەتباركردنی بە گەندەڵی و سەندنەوەی متمانە لێی وەك وەزیری دارایی بابەتێكی بەسیاسی كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن