"ڕۆژانە 30-35 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمەكانی نەوتی هەرێم بە ترانزێت دەفرۆشرێت بە ئێران"

چاوپێکەوتن

22/02/2022     ژمارەی بینراو 639

راچڵەكین-

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت، بۆچونی كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەك بۆچونی وڵاتانی تر وایە، واتە كۆماری ئیسلامی ئێران وەك هەر وڵاتێكی تری دەرەوە ئەوە بە كێشەیەكی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە كە حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگای یاسایی و سیاسی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن بە ڕەچاوكردنی ماف و بەرژەوەندییەكانی هەردوولا.

نازم دەباغ بە دەنگی ئەمریكا راگەیاندووە:" دەتوانم بڵێم جگە لە یاسا، سیاسەتیشی تێدەكەوێت، چونكە ئەگەر لێكدانەوەیەك بكەین بۆ خودی بڕیارەكە ئەوەندەی سیاسەت جوڵاندویەتی ئەوەندە لە بارودۆخی یاسایی نەجوڵێنراوە، چونكە لە بارودۆخێكی هەستیار و ناسكدا دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارەی دا، بۆیە پێم وانیـیە كۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجوڵێتەوە."

* لە ڕێگای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕۆژانە 30-35 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمەكانی نەوتی هەرێم بە ترانزێت دەفرۆشرێت ڕێژەیەكی زۆر نیـیە؟

دەباغ لەوەڵامدا دەڵێت:" دەربارەی بەشداری كۆماری ئیسلامی ئێران لە كڕین و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی من پێی ئاگاداربم، چونكە مەرج نیـیە %100 هەموو شتێك ئاگاداربم، نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نافرۆشرێت تەنها بە شێوازێكی زۆر كەم نەبێت كە لە باشترین حاڵەتدا بە نەوت و نەوتی ڕەشیش ترانزێت دەكرێت لە ڕێگای كۆماری ئیسلامی ئێرانی یان جاری وا هەیە دراوە بە پاڵاوگەكانی ئێران لە نزیك مەرز وەكو كرمانشان، نەگەیشتۆتە 30-35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بۆیە ڕێژەیەكی ئەوەندە شایستە و شیاو نیە كە هەموو لایەك دەزانن لە ڕێگای تانكەرەوەیە، بەڵام نەوتی هەرێمی كوردستان لە بنەڕەتدا ئەوەی كە باس دەكرێت بڕی 450 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەفرۆشرێت هەمووی لە ڕێگای بۆری نەوتە كە لە بەندەری جیهانی توركیایە. "

دەربارەی ئەوەی ئایا ئێران پابەند دەبێت بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی؟ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت:" پابەند بوونی ئێران بەندە بەوەی ئەو نەوتەی دێت لە سنوورەكانەوە ئایا دەچێت بۆ ئێران یا نا؟ یا خۆ ئێران لە خۆیەوە بڕیار نادات دژی حكومەتی هەڕێمی كوردستان كە نەوت وەرنەگرێت چونكە بە شێوازێكی فەرمی ئێران نەوت لە هەرێم ناكرێت ، بەڵكو ئەوە بازرگانەكان بە شێوازی پیلەوەری (سەرپێی) خۆیان مامەڵە دەكەن، ئەو نەوتەی بۆ كۆماری ئیسلامی لە هەرێمەوە دێت لە %80 ی نەوت نیـیە، بەڵكو نەوتی ڕەشە كە لە پاڵاوگەكان دەمێنێتەوە لە جیاتی ڕۆ بكرێتە سەر زەوی كە سەردەمی سەدام حسێن هەندێك جار لە ناوچەی بێجی ڕۆیان دەكرد بەڵام ئەمە دێت بۆ ئێران كە بەشی زۆری ترانزێتە كە دەڕوات بۆ بەندەر عەباس وە بەشێكیشی ڕەنگە سوودی لێ ببینرێت لە پاڵاوگەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی. "

سەبارەت بە دەنگۆی فرۆشتنی غازی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ئەفغانستان و ئەرمەن و چەند وڵاتێكی تر لە ڕێگای ئێرانەوە كە باس دەكرێت بۆتە هۆكاری كەمبوونەوەی غاز لە هەرێمی كوردستان؟ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتی:" من تا ئێستا وەك نوێنەرایەتی حكومەت ئاگادار نەكراومەتەوە كە چی دەفرۆشرێت، بەڵام منیش وەكو خەڵك بۆی هەیە بیستبێتم، بەڵام بەرهەمە نەوتیەكان لە ڕێگای ئێرانەوە بەڵێ ترانزێت دەكرێت ئەوجا چەندە چەند نیـیە نازانم، بەڵام ئەمە وەكو حكومەتی ئێران نیـیە كە بازرگانی دەكات لەگەڵ هەرێم بەڵكو وەك بارزگانەكانە كە ئەمەش جیاوازی هەیە. "


دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی كە هەندێك باسی دەكەن كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە بێت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان؟ نازم دەباغ وتی:" من وا بە ڕەهایی نایبینم، بەڵام بەداخەوە وایلێهاتووە ئەگەر بێت و بەفر و باران لە ناوچەكە ببارێت زیان لە هەرێمی كوردستان یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە، بەشێكی بەستراوەتەوە بەو سیاسەتەی لە عێراق پیادە دەكرێت، چونكە ئەگەر ئامادەیی نەبێت لە لایەنی لایەنە عێراقیەكان بۆ دەستخستنە نێو كاروبارەكان ئێران و ئەمەریكا و توركیا چ دەسەڵاتێكیان هەیە بێن بە سەریاندا فەرزی بكەن؟ هەروەها هۆكارێكی تر بەندە بەو سیاسەتە گشتیەی كە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیانە كە لە كاتی خۆیدا كێشەكان چارەسەر ناكرێن، یان بە دوای ئەوەوە ناگەڕێن بەڵكو بێدەنگیـیەك كە دروست بوو دەڵێن سوپاس بۆ خوا بێدەنگ بوون، دەبێت بیریش لەوە بكەنەوە ڕۆژێك دێت خەڵك و لایەنەكان بە دەنگ دێن، بۆیە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان خۆیان لەگەڵ یەكتر، وە لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم كەیسە یاساییە بە سیاسی بكەن وە لە دادگا بیجوڵێنن بڕیای لەسەر بدرێت، چونكە هەموو لایەك دەزانن ئەم كەیسە هی ئەمڕۆ نیـیە، هی 10 ساڵ لەمەوبەرە."

" لەو دیدارانەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەكان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كێشەیەكی نێوخۆیی عێراقە، چونكە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەكی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە "

دەربارەی دەوترێت جوڵاندنی ئەو كەیسە لە دادگای فیدراڵی لەم كاتەدا بۆ تۆڵەكردنەوە بووە لە كورد، بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە چووە ناو هاوپەیمانەكەی سەدر، ئێران وای دەبینێت بوونەتە هۆی لەتكردنی نێوماڵی شیعە؟ لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" من نازانم، نامەوێت قسەكانم پەیوەست بكەم بە پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە پارتی هاوپەیمانمانە، وە ناشمەوێت قسەكانم تایبەت بكەم بە كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران تا ئەم ساتە پشتیوانی كوردی عێراق بووە، كوردی عێراقیش بە پشتیوانی خۆی زانیووە، بەڵام هەندێك جار هەڵە دروست دەبێت یا نا تێگەیشتن دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەیبینم ئێران بە دوای چارەسەرەوەن نەك بە دوای گەرمكردنی كێشەكان، چونكە ئەگەر بێت و هەرێم بڵێت من ڕازی نابم بەو یاسایە و جێبەجێی ناكەم، بەیانی حكومەتێكی وەكو ئاغای عەبادی و مالكی بێت پەلاماری هەرێمی كوردستان بدەن ئەو كاتە شەڕ و پێكدادان دروست دەبێت واتە ڕەنگە لە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت لەم كاتەدا كە لە هەرێمی كوردستان شەڕ و پێكدادان دروست ببێت، بۆیە من وای نابینم بەو ڕەهاییەی كە كەسانێك لە دورەوە بە تەنها دانیشتوون لە خۆیانەوە شیكردنەوە و لێكدانەوە دروست دەكەن كە ئێران دژی پارتی دیموكراتی كوردستانە یان دژی كوردە، بە پێچەوانەوە دەیبینم ئێران تا ئێستا لەگەڵ ئەوەیە كە كێشەكان بە سیاسی چارەسەر بكرێن، وە ئەوە بە كێشەیەكی نێوخۆیی عێراقیش دەبینرێت، من حەز دەكەم ئاماژە بەو دیدارانەی بەڕێزان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بكەم كە لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەكان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كێشەیەكی نێوخۆیی عێراقە وە یاساییە، چونكە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەكی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە ، كەواتە كە ئەم بڕیارە دەدەن دەبێت بیر لە شێوازی جێبەجێكردنی بكەن كە زیان لە هەموو لایەنەكان نەكەوێت بەرژەوەندییەكان ڕەچاوبكرێت لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە عێراقدا، بە پاراستنی مافە دەستورییەكانی یەكتر. "

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێستای كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان؟ نوێنەری حكومەتی هەڕێمی كوردستان لە تاران وتی" من لە ئێستادا وای نابینم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران خراپ بێت ، بەڵام هەمیشە بە درێژایی مێژوو بەپێی ئەو تەمەنەی هەمە، ئەم پەیوەندییانە بەرز و نزمی تێكەوتووە، ئەمەش دەكرێت بە بەرزی و نزمیەك دابنرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ چارەسەركردن و چوونە سەر ئەو ڕێچكەیەی كە پەیوەندییەكان دەپارێزێت بەردەوامە. "


ئایا ئێران تا ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی كە كورد نەبێتە هۆی لەتكردنی ماڵی شیعە؟ لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" ئێران لەسەر بۆچونەكەی خۆیەتی، بەڵام داوای هاوكاریش لە كورد دەكات چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگای سیاسەت و وتووێژەوە بە ڕەچاوكردنی مافە دەستورییەكانی كوردیش. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن