راچڵەکین-
شەپۆلێکی خۆڵبارین سلێمانی و شارەکانی دەوروبەری گرتووەتەوە و کەشناسی سلێمانیش دەڵێت:" شەپۆلەکە ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و سبەینێ کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە".
ئاسۆ کەمال، ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە راچڵەکین-ی راگەیاند، کەشوهەوای ئەمڕۆ ناجێگیرە زۆربەی کاتەکان هەور و نیمچە هەور دەبێت، هەروەها ئەگەری باران بارینی پچڕ پچڕیش هەیە زیاتر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، هەندێکجار ناوشاریش دەگرێتەوە بەشێوەی بارانی پچڕ پچڕ لە شوێن و کاتی جیا جیا، ئاستی بینین لە هەندێک ناوچە لە کیلۆمەترێك کەمترە پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە بەراورد بە رۆژانی پێشتر، جوڵە و ئاڕاستەی با تا رادەیەک چالاکە بە ئاڕاستەی باشوری رۆژ ئاوا.
وتیشی:"بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراقی گرتووەتەوە هەروەها کاریگەری ئاڕاستەی بای باشور و رۆژئاوا بووەتە هۆی هاتنی ئەو شەپۆلی تەپ و تۆز و خۆڵە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆش بەردەوامی دەبێت، بەڵام بۆ سبەینێ شەممە کاریگەرییەکەی بەرەو لاواز بوون دەچێت".
بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئاماژە بەوەشکرد:"لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 1،8 ملم باران باریوە و کۆی گشتی بارانی ئەمساڵ 320،6 ملم-ە تا ئێستا، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئێستا 365 ملم باران باریبوو".