17 ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار لەماڵەوە

تەندروستی

17/03/2020     ژمارەی بینراو 1965

ئازار


ڕاچڵه‌كین-

لەئێستادا لەبەر ئەو بارودۆخەی ھەموو جیھان تێیکەووتووە بەھۆی ئەم پەتا ڤایرۆسییەوە ، وەلەبەرئەوەی نەک ووڵاتی ئێمە بەڵکو زۆربەی شارەکانی جیھان (lock dawn)كه‌ره‌نتین كراون و لەئێستاشدا لەلای ئێمە ھاتووچۆ قەدەغەیە و کلینیکە پزیشکییەکان داخراون، دكتۆره‌ هه‌ڤین پزیشكی پسپۆڕی به‌نج و ئازار شكاندن چه‌ند ڕێنماییه‌ك باس ده‌كات كه‌ هه‌موو كه‌س ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت له‌م ماوه‌یه‌دا.

1-ئازارێک کەبەھۆی پێکانێک ، یاخود برینداری یاخود ڕووداوێک توشتدەبێت ئەوە ئەم ٤ ڕێگایە ئەنجام بدە :
- پشووی پێبدە.
-جەوەنەی ساردی یاخود کیسی سەھۆڵ بخەرەرە سەر شوێنی ئازارەکە (٥-٦) جار لە ڕۆژەکەدا ، ھەر جارەی بۆ (١٥-٢٠) خوله‌ك .
-فشار بخەرە سەری و بیپێچە بە باندج یاخود ھەر شتێک لەبەردەستت بێت .
- ئەگەر ئازاڕەکە لەپەلەکاندا بوو ، باشترە لەگەڵ بەستنەکەدا بەرز بکرێتەوە ، بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانەکەی . ھەوڵ مەده‌ لە شوێنێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵکەویت ، دوای ماوەیەک دەستبکە بە جووڵە .

2- ئاو بەکاربێنە : لەکاتی بوونی برین ، ڕووشان ، سووتاوی ، شوێنە بریندارەکە بخەرە بەر دەمی ئاوی سارد ، یاخود بە پاکی سارد دایپۆشیوە . ئەگەر پێستەکە بڵقی کردبوو یان شین ھەڵگەڕابوو یاخود ڕەش باشترە ڕای پزیشک وەرگریت .

3- لەکاتی ئازاری لەناکاوی ماسولکە یاخود جومگە بەھۆی پێکانەوە دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت بۆکەمبوونەوەی ئازار و ئاوسان ، بەڵام ئەو نەخۆشانەی ئازاری ماسولکەی بەردەوامیان لەگەڵە ، باشترە گەرمی بەکاربێنن وەکو جەوەنەی گەرم ، حەمام و شاوەری گەرم .

4- بەکارھێنانی ھەندێک دەرمانی ئازارشکێن ، کەھیج زیانێکی لاوەکی ئەوتۆیان نیە ، وەکو : ئیبۆپرۆفین ، ئەسپرین ، ناپرۆکسین ، زیاتر بۆ ئەو ئازارانە دەبێت کە ھەوکردنیشیان لەگەڵە . بەڵام ئەگەر کێشەی گورچیلە یاخود گەدەت ھەبوو باشترە ڕای پزیشکەکەت وەرگریت ، چونکە زۆر بەکارھێنانیان کێشە دروست دەکەن.

تێبینی : لە ئێستادا بەھۆی بوونی ئەم پەتا ڤایرۆسییەوە ، ئەگەر نیشانەکانی توشبوون بەم ڤایرۆسەت ھەبوو وەکو : تا ، کۆکە ، ھەناسە توندی باشترە ئەم ئازارشکێنانە بەکار نەھێنیت .

5- ئەسیتامینۆفین (پاراسیتۆڵ ): بەکاردێت بۆ ئازاری سەرئێشە ، دان ئێشە، ئازاری سوڕی مانگە ، ئازاری ماسولکە لەگەڵ ماسولکە خاوکەرەکان ، بۆ ئەو ئازارانە باشە کە مەرج نیە ھەوکردنی لەگەڵ بێت .

6- بەکارھێنانی ئازارشکێنە ناوچەییەکان : وەکو جێڵ و کرێم ، سپرای یاخود مشەمای ئازار بۆ ئەو ماسولکە ، یان جومگە یەی ئازاری تیادایە ، ئەمانە زیانی لاوەکیان زۆر کەمە . ئەگەر نەشتبوو دەتوانیت زەیتە ڕووەکیەکان بەکاربێنیت وەکو : زەیتی نەعنا ، زەیتی زەنجەفیل ، زەیتی زەیتون ،( زەیتی مێخەک بۆ دان ئێشە ) .

7-حەمامی گەرم : زۆر بەسوودە بۆ زۆربەی جۆری ئازارەکان ، بەتایبەتی ئازاری پشت و ئازاری جومگەکان . باشترین پلەی گەرما لەنێوان (٩٢-١٠٠) ی فەھرەنھایتە . تەنیا ڕاکشان سوودی نیە بەڵکو بەکارھێنانی ئاوە گەرمەکەش یارمەتی ھاتوچۆی سووڕی خوێن دەدات و ماسولکەکانیش خاو دەکاتەوە .

8- ئەگەر ئازارەکەت لەبەشی خوارەوەی لەشتا بوو ، یاخود لەناوچەی کۆم و شوێنەھەستیارەکانت بوو، بۆ نموونە لەکاتی بوونی مایەسیری ، فتق، ئازاری سووڕی مانگانە ..ھتد. باشترە لەناو تەشتێک ئاوی گەرم یاخود بانێۆکە پڕکە لەئاوی گەرم و تیایدا دابنیشە بۆ ماوەی (٢٠-٣٠) دەقیقە ،(٢-٣) جار لە ڕۆژەکەدا .

9- مەساج کردن : ئەگەر خۆت بیکەیت یاخود نزیکێکت ، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سەر ، یاخود ئازاری پشت و شان ومل ، بەمەرجێک بەڕێگایەکی تەندروست و بەشێوەی بازنەیی ئەنجام بدرێت .

10- بەکارھێنانی چاوێلکە لەو کەسانەی تووشی سەرئێشە دەبن بەھۆی شەقیقەوە ، یاخود نەخۆشی ترەوە ، بۆ کەمکردنەوەی ھەستیارییان بە تیشک . ھەروەھا لەو خوران و بێتاقەتییەی بەھۆی خۆڵ و ماددەی پۆلینی ناو ھەواوە بۆیان دروست دەبێت .

11- میدیتەیشن و تێڕامان : ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ، ئەویش بەوەی کە ماددەی ئیندۆرفین لەلەشتا زیاد دەکات ، کە ئازارشکێنێکی سروشتییە ، دەتوانیت لەگەڵیدا گوێ بۆ موسیکێکی ئارام بگریت .

12- ھەندێک چای ڕووەکی ھەیە یاخود شەربەتی میوە کەدەتوانیت بۆ ئازارشکاندنی ماسولکە گرژبووەکان بەکاردێت ، وەک : شەربەتی گێلاس ، شەربەتی توو، چای گوڵەبەیبوون، چای سەوز ، چای زەنجەفیل، چای دارچینی .

13- خواردنی ھەندێک جۆری خۆراک وەکو : بیبەری سووری توون ، زەردەچەوە ، شلک ، گێلاس ، سیر، نەعنا، شەوەفان ، شیرەمەنیەکان ، چەرەساتەکان کە ماددەی مەگنیسیۆمیان تیادایە و بۆ سەرئێشە زۆر باشن .

14- خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر ، باشترە (٨-١٢) پەرداخ لەڕۆژێکدا بێت .

15- نووستن و پشوودان : لەکاتی گونجاوی خۆیدا شەوانە لەکاتژمێر ١١ دا بۆ ماوەی (٦-٨)کاتژمێر .

16- دووربکەوە لە خواردنەوە ئەلکھولیەکان و جگەرەکێشان، وھەرگیز بەکاریان مەھێنە بۆ ڕێگا چارەیەک بۆ نەھێشتنی ئازار چونکە ئازارەکەت زیاتر دەکات و سەرئێشەت بۆ دروستدەکات کەبەڕێژەیەکی زۆر بەکاربێت .

17- لەکاتی ئازاردا دووربکەوە لە خواردنە ئامادەکراو موعەلەب و حازرکراوەکان ، ئەو خواردنانەی لە ڕۆنێکی زۆردا سووردەکرێنەوەو فاست فودەکان .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن