راچڵەکین-
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاگادارى خوازیارانى خوێندن لە دەرەوەى وڵات دەکاتەوە، پێویستە دۆسیەى کەسى لە وەزارەت پڕبکەنەوە، چونکە لە مەودوا مەرجێکى بنەڕەتییە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بە فەرمانى وەزاری ژمارە (٤٧٣٤) لە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠٢٢) و بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە کە تایبەتە بەخوازیارانى خوێندن لە دەرەوەى وڵات.
بە گوێرەی نووسراوەکە:"مەبەست لەو بڕیارەش ڕێکخستن و کۆکردنەوەى داتایەکى تێروتەسەل و تەواو بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن، لەمەودا هەرکەسێک فەرمانبەر بێ یاخود فەرمانبەر نەبێ، بەنیازى خوێندنى لە دەرەوەى وڵات هەبێ بۆ تەواوکردنى خوێندنى بەکالۆریۆس، ماستەر یان دکتۆرا.
دەشڵێت:"پێویستە لە ڕێگەى ئەم بەستەرەوە (scholarship.digital.gov.krd ) دۆسیەى کەسى بکاتەوە پێش دەستپێکردن بەخوێندنەکەى وەزارەت لە نوسراوەکەیدا جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە پڕکردنەوەى دۆسیەى کەسى "مەرجێکى بنەڕەتییە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامە لە داهاتودا".