دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەهەولێرەوە چەند پەیامێك ئاڕاستەی هێزو لایەنەكان دەكات

ڕاپۆرت

31/03/2022     ژمارەی بینراو 275

راچڵەكین-

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت:" لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆربەی هێزە سیاسیەكان گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە یەكێتی كورسی بەدەستەهێنێت، بەڵام یەكێتی بەهەوڵی جەماوەرەكەی خەونی نەزۆكی هێزو نەیارەكانی تێكشاند."

ئەوەشی ئاشكراكرد:" ئێستا یەكێتی كارەكتەری سەرەكی پرۆسەی سیاسی عیراقەو ئەو هێزە سیاسیەشی بیەوێت ئیرادەمان بشكێنێت، نەخۆمان و نەجەماوەرەكەشمان قبوڵی ناكەن."

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ عەلی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری پارێزگای هەولێر لەدیداری یەكێتیدا لەهەولێر وتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێشكردو رایگەیاند:" ئەم دیدارە دیدگای یەكێتی بۆ ئێستاو داهاتوو دیاری دەكات، لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتیشدا بەرنامەكە وابوو ساڵانە یەكێتی كۆنفرانس ببەسێت بۆ پێداچوونەوە سیاسەتەكانی و ئەدای كاركردنی ساڵانەی دیاری بكات، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی كۆرۆنا هێنایە پێش نەتوانرا بكرێت، بەڵام ئەم دیدارەش دیداری یەكێتیانەی بۆ دیاریكردنی ستراتیژی یەكێتی بۆ داخوازییەكانی یەكێتییەكان."

وتیشی:" ئەوكاتەی سەرۆك مام جەلال لەشامەوە لەگەڵ هەڤاڵەكانی دەستپێكردنەوەی شۆڕی راگەیاند، بۆیە بۆ ئەمڕۆ گرنگ و پێویستە كە دوای كۆمەڵێك رووداوی گەورە لەناوچەكەو خودی یەكێتی، دیدێكی هاوشەمان بۆ هەموو پرسەكان هەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەكاری حزبی و داخوازی خەڵكی كوردستانەوە هەیە."

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەدیدارەكەدا راشیگەیاند:" ماوەی چەند مانگێكە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەهاوڕێیەتی ئێمەو هەڤاڵانی تر لەبەغدا لەسەر پێكهێنانی حكومەت سەرقاڵی كۆبوونەوەی جدین لەگەڵ لایەنەكان."

ئەوەشی وت:" لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی روبەڕووی تەحەدایەكی گەورە بوویەو‌ە، زۆربەی هێزە سیاسیەكان گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە یەكێتی نەتوانێت لەئاست خەبات و تێكۆشانی و رابردویی كورسی پێویست بەدەستبهێنێت، بەڵام یەكێتی بەهەوڵی جەماوەرە دڵسۆزەكەی توانی خەونی نەزۆكی هێزو نەیارەكانمان تێكبشكێنین و كورسی بەدەستبهێنین."

راشیگەیاند:" لەگفتوگۆكانمان لەبەغدا توانیمان یەكێتی بكەینەوە بەهێزی سەرەكی لەبڕیاریدانی سیاسی لەعیراقدا، لەسەرەتاوە بڕوامان بەتەبایی هێزو لایەنەكان بووە لەكوردستان، ئێستاش بەهەمان شێوە، بەڵام ئەگەر هێزێكی سیاسی بیەوێت ئیرادەمان بشكێنێت، نەخۆمان قبوڵی دەكەین و نە جەماوەرەكەشمان لێمان قبوڵ دەكات، یەكێتی مێژووەكەی، تێكۆشان و رابردووەكەی، فیداكاری و شەهیدەكانی سەلمێنەری ئەوەن لێمان قبوڵ بكرێت ئیرادەمان بشكێنێت، ئێستا یەكێتی كارەكتەری سەرەكی پرۆسەی سیاسی عیراقە."

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ  راشیگەیاند:" یەكێتی هیچ كاتێك پۆستی لا گرنگ نەبوە، بەڵكو داخوازییەكانی خەڵك لای ئێمە گرنگ بوو‌، مەسەلەی خاك، داهات، پێشمەرگە، لەسەروشیانەوە كەركوكی قودسی كوردستان كە بەهیچ شێوەیەك یەكێتی سازشی لەسەر ناكات و بەشێكی سەرەكی گفتوگۆكانمان بووە لەبەغدا، لەچەند رۆژی رابردوشدا بینرا كە ئامادەبوونی یەكێتی و قورسای یەكێتی لەگفتوگۆكانی بەغدا چۆن بووە."

باسی لەوەشكرد:" گرنگە هێزە سیاسیەكان بەخۆیاندا بچنەوەو پێكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و پرۆژەیەكی كوردانە كە لەئاست داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت بۆ خولی داهاتووی گفتوگۆكانی بەغدای ئامادە بكەین و دەستكەوتی باشمان بۆ خەڵكی كوردستان هەبێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن