بەوێنە.. ھەنگەوانانی باتمان چاوەڕێ دەكەن بەرھەمی ئەمساڵیان زیاد بكات

کشتوکاڵ

20/04/2022     ژمارەی بینراو 636

راچڵەكین –

ھەنگەوانانی پارێزگای باتمان لە باكووری كوردستان، لە كاتێكدا ئامادەكاری دەكەن بۆ بردنی ھەنگەكانیان بۆ كوێستانەكان، چاوەڕێ دەكەن بەھۆی باران بارینی زۆر و ئاسایی بوونەوەی پلەكانی گەرماوە بەپێی وەرزەكان، ئەمساڵ بەرھەمێكی باشیان ھەبێت.

ھەنگەوانانی باتمان بەردەوامن لە بردنی پوورە ھەنگەكانیان بۆ بەرزاییەكانی ھەریەك لە شارۆچكەكانی كۆزڵوك، گەرجوش و حەسەنكێف.

مەھمەت ئایدن بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و دارستانی باتمان، رایگەیاندوو بەھۆی دەوڵەمەندیی باتمان بە گژوگیای جۆراوجۆر، بۆ ھەنگەوانی زۆر گونجاوە.

ناوبراو باسی لەوەشكرد كە ناوی ٥٧٩ كەس لەو پارێزگایە وەك ھەنگەوان تۆماركراوە و ساڵی رابردوو بەبڕی یەك ملیۆن لیرە ھاوكاری ٤٥٤ ھەنگەوانیان كردووە، وتیشی:" ساڵی پار بەھۆی وشكەساڵییەوە ٣٥٦ تۆن ھەنگوین بەرھەم ھێندرا، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی باران بارینی زۆر و ئاساییبوونەوەی پلەكانی گەرماوە بەپێی وەرزەكان، چاوەڕێ دەكەین بەرھەمی ھەنگوین نزیكەی ٥٠٠ تۆن بێت".

بارش دۆیار، كە ماوەی ١٠ ساڵە ھەنگەوانە لە باتمان، ئاماژەی بەوەكرد كە ساڵی رابردوو بەھۆی وشكەساڵییەوە بەرھەمی ھەنگوین كەمی كردبوو، وتی: "بەھۆی باران بارینی كەم و گەرمبوونی لەناكاوی كەشوھەوا، ھەنگەكان نەیانتوانی گەشە بە خۆیان و پوورەكانیان بدەن، ھەرچەند ئەوانمان بردە كوێستانەكان، بەڵام چونكە درەنگ بردمانن بۆ كوێستان بەرھەمیان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو زۆر كەمبوو.

بەڵام تەواوی ھەنگەوانانی باتمان  وای بۆ دەچن كە بەرھەمی ھەنگوینی ئەمساڵ باش بێت.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن