راچڵەکین-
یەکێتی تۆپی پێی عیراق سزایەکی قورسی یانەی زاخۆی دا کە بریتییە لە 10 ملیۆن دینار، ئەوەش دوای ئەو رووداوەی کە لە نێوان یانەکەیان و یانەی کارەبا روویدا.
لیژنەی رێکاری لە یەکێتیی تۆپی پێی عیراق بڵاویکردووەتەوە، یانەی زاخۆ تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ناتوانێت هیچ یارییەکی دیکە لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامبدات.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکەوت کە یانەی زاخۆ بەرپرسە لەو رووداوانەی لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە دروستکراون و بەرپرسە لە پاراستنی سەلامەتی تیپی میوان و هەموو هەڵسوکەوتێک کە لە یاریگەدا دەکرێت بۆیە بڕیاردرا بە.
1- یانەکە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە هیچ یارییەکی دیکە لە یاریگەی خۆیدا ئەنجام نادات، بۆ ئەمەش پشت ماددەی ژمارە 5 لە رێکارەکاندا بەستراوە.
2- هاندەرانی یانەی زاخۆ ناتوانن لە هیچ یارییەکدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاوەری یانەکەیان بکەن.
3- یانەی زاخۆ 10 ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەردا سەپێندرا.