ئیبراهیمۆڤیج بەباشترین یاریزانی ساڵ هەڵبژێردرا

وەرزش

24/04/2022     ژمارەی بینراو 390

راچڵەكین –

زلاتان ئیبراهیمۆڤیج یاریزانی یانەی میلان، لەلایەن دەستەی میدیای بیانیی لە ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ-ی پێدرا.

ئەندامانی دەستەی میدیای بیانیی، كە ناوەندەكەی لەشاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیایە، بەر لە ماوەیەكی كورت دەنگیان دا و یاریزانی سویدی و یانەی میلانی ئیتاڵی، زلاتان ئیبراهیمۆڤیجی تەمەن ٤٠ ساڵانی وەك باشترین یاریزانی ساڵ هەڵبژارد.

ئیبراهیمۆڤیج كە لەگەڵ یانەكەی بەمەبەستی ئەنجامدانی یاریی هەفتەی ٣٤ی خولی نایابی تۆپی پێی ئیتاڵیا ناسراو بە (سێری ئا) لە بەرامبەر یانەی لازیۆ هاتبوو بۆ رۆما، لەلایەن هەریەك لە ئاڵپا كێپی بەرپرسی كۆمیتەی وەرزشی دەستەی میدیای بیانی، و دوندار كەشاپڵی، مائارتن ڤان ئاڵدێرێن و ئێلیزابێس میسلاند، ئەندامانی كۆمیتەكە، خەڵاتەكە پێشكەشی ئیبراهیمۆڤیج كرا.

لەكاتی پێشكەشكردنی خەڵاتەكە، بەرپرسی كۆمیتەی وەرزشی دەستەی میدیای بیانی، ئاڵپا كێپی ئاماژەی بەوەكرد بەهۆی هەریەك لە ئازایەتی، جۆش و خرۆشی بۆ یاری تۆپی پێ، دەستبەردارنەبوون، كاریزما و ئەوەی كە نموونەی یاریزانێكی تۆپی پێیە بۆ منداڵان، ئیبراهیمۆڤیج بە شایەنی خەڵاتەكە زانراوە.

لای خۆیەوە ئیبراهیمۆڤیج خۆشحاڵی خۆی بە وەرگرتنی خەڵاتەكە نیشاندا، سوپاسی دەستەكەی كرد و وتی: "زۆر دڵخۆش بووم، ئەم خەڵاتە مایەی شەرەفە بۆ من".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن