" 13.5% ئەو كەسانەی ساڵانە بەخواردنەوە كحولییەكان دەمرن.. گەنجن"

هەمەڕەنگ

10/05/2022     ژمارەی بینراو 315

راچڵەكین-

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ساڵانە نزیكەی سێ ملیۆن كەس لە ئەنجامی خواردنەوەی كحولی گیان لەدەستدەدەن.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ساڵانە تێكڕا سێ ملیۆن كەس بەهۆی زیانەكانی خواردنەوەی كحولییەوە لە جیهاندا گیان لەدەستدەدەن، لەو ژمارەیەش 13.5%ی گەنجانن.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێكدا كە لەژێر ناوی ''كەمكردنەوەی زیانەكانی ماددەی كحولی بە رێكخستنی بەبازاڕكردن و رێكلامی نایاسایی'' بڵاوی كردووەتەوە، باس لە كاریگەرە نەرێنییەكانی مەی خواردنەوە كراوە، لەگەڵ ناساندنی بەرهەمەكانی مەی كە بوونەتە نموونەیەكی خراپ لە جیهاندا.

لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵانە نزیكەی سێ ملیۆن كەس لە ئەنجامی خواردنەوەی خواردنەوەی كحولی گیان لەدەستدەدەن و رێژەی مردن بەمەی لە جیهاندا، سەدا پێنجی تێكڕای هۆكارەكانی مردن پێكدەهێنێت.

لە بەشێكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە گەنجانیش كەوتوونەتە بەر كاریگەری نەرێنیی ماددەی كحولی و ساڵانە سەدا ١٣،٥ی ئەوانەی بەهۆی مەی خواردنەوە گیان لەدەستدەدەن گەنجانی تەمەن ٢٠ بۆ ٣٩ ساڵن.

راپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، بەرفراوانبوونی میدیای دیجیتاڵی كارئاسان بووە لە ناساندنی بەرهەمەكانی ماددەی كحولی و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بەتایبەتی لە چالاكییە وەرزشییە گەورەكاندا، رێكلام و ناساندنی بەرهەمەكانی مەی زۆر بەدی دەكرێت. لە فیلمە سینەماییەكاندا، رێكلامكردن و ناساندنی بەرهەمەكانی مەی زیادی كردووە، هەر لە ئەمریكا لە ساڵی ١٩٩٦ەوە تا ٢٠١٥ لە نیوەی ١٠٠ فیلمدا كە زۆرترین تەماشا دەكرێن رێكلام بۆ بەرهەمەكانی خواردنەوەی كحولی دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن