توركیا 10 كەس بەتۆمەتی لایەنگریكردنی پەكەكە دەستگیر دەكات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 65

راچڵەكین –

هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە شاری ماردین-ی باكووری كوردستان، 10 كەسی بەتۆمەتی لایەنگریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەنجامدانی چالاكی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، دەستگیركرد.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، دەستگیركردنی ئەو 10 هاووڵاتییە لەمیانی هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكان هات، كە لەشارۆچكەی كزڵتەپەی سەر بە پارێزگای ماردین ئەنجامدراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ماردین، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دەستگیركراوەكان، تۆمەتبارن بە لایەنگریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لە میانی چالاكییەكانی هەدەپە بۆ جەژنی نەورۆز، كە رۆژی 19ی ئادار ئەنجامی دابوو، ئاڵای پەكەكە/ كەجەكەیان بەرزكردووەتەوە و بە بەدەستەوەگرتنی پۆستە و ئاڵا بە دەم گوتنەوەی دروشم پڕوپاگەندەیان بۆ پەكەكە كردووە.


هێزە ئەمنییەكانی توركیا لەكاتی دەستگیركردنی ئەو 10 كەسە، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكانیان و دەستیان بەسەر مۆبایل و چەند ئامێرێكی ئەلیكترۆنیدا گرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن