سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی كوشتنی رۆژنامەنووس شیرین ئەبو عاقلە روونكردنەوە دەدات

جیهان

11/05/2022     ژمارەی بینراو 967

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، رەتیكردەوە، سەربازانی وڵاتەكەی خانمە پەیامنێری ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە-یان كوشتبێت و رایگەیاند:" پێدەچێت چەكدارە فەڵەستینییەكان بەرپرس بن لەو رووداوە."

نافتالی بێنێت، لە راگەیەندراوێكدا كە نووسینگەكەی بڵاویكردووەتەوە، باس لە كوژرانی رۆژنامەنووس شیرین ئەبو عاقلە دەكات كەلە بارگرژییەكانی ئەمڕۆی " جنین" دا بەفیشەك پێكراو گیانی لەدەستدا. 

بێنێت رایگەیاند ''بەپێی ئەو زانیارییانەی كۆمانكردووەتەوە، پێدەچێت چەكدارە فەڵەستینییەكان بەرپرس بن لە كوژرانی رۆژنامەنووسەكە كە لەو كاتەدا بەبێ جیاكاری تەقەیان دەكرد''.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەكردن بە چەند دیمەنێك كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت لە جنین تۆماركرابن رایگەیاند ''فەڵەستینییەكانی جنین دیمەنێكیان تۆمار كردووە و شانازی دەكەن پێوەی و دەڵێن 'سەربازێكمان پێكا، ئەوەتا كەوتووەتە سەر زەوی'، بەڵام هیچ سەربازێكی ئیسرائیل بریندار نەبووە. ئەوەش ئەگەری ئەوە زیاد دەكات كە ئەوەی تەقەی لەو رۆژنامەنووسە كرد تیرۆریستانی فەڵەستینیین''.

نافتالی بێنێت ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد و رایگەیاند:" ''ئیسرائیل بانگەوازی ئاراستەی فەڵەستینییەكان كرد بۆ بەڕێوەبردنی شیكاریی و لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەشی پشت بەستوو بە هەموو بەڵگەكانی ئێستا بۆ گەیشتن بە راستییەكان. تا ئێستا فەڵەستینییەكان ئەو داواكارییە رەت دەكەنەوە. هێزەكانی سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبن لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو كاتەی شەپۆلی كوژەری تیرۆر كۆتایی پێدەهێنن و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئیسرائیل دابین دەكەن''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن