رووسیا هەناردەكردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا كەمدەكاتەوە

ئابوری

12/05/2022     ژمارەی بینراو 160

راچڵەكین –

حكومەتی رووسیا لەرێگەی سزادانی چەند كۆمپانیایەكی وزەی ئەوروپا، بڕیاریدا هەناردەی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەو كیشوەرە كەمبكاتەوە، بڕیارەكەش كاردانەوەی توندی ئەڵمانیای لێدەكەوێتەوەو وەزیری ئابووری ئەو وڵاتە دەڵێت، نابێ رووسیا هەناردەكردنی وزە وەك چەكێك لەدژی ئەوروپا بەكاربهێنێت.

رۆبەرت هابێك، وەزیری ئابووری و پاراستنی كەشوهەوای ئەڵمانیا، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، كە ئەمڕۆ 12-5-2022 لە بەرلین ئەنجامیدا، رایگەیاند: هاوپشكی كۆمپانیای وزەی رووسیا (گازپرۆم) لە ئەڵمانیا Gazprom Germania، وەرگرتنی گازی لە رووسیا لە رۆژێكدا نزیكەی 10 ملیۆن مەتر سێجا كەمكردووەتەوە.

دوێنێ چوارشەممە، رووسیا بڵاویكردەوە، كە سزایان بەسەر كۆمپانیاكانی وزەی وڵاتانی خۆرئاوادا سەپاندووەو دوو رۆژە لەسەریەك گازی رووسیا بە رێگای ئۆكراینادا بەڕێژەی كەمتر بەراورد بە پێشوو، رەوانەی ئەورووپا دەكرێت.

لەوبارەیەوە وەزیری ئابووری ئەڵمانیا، رووسیای بەوە تۆمەتبار كرد كە هەناردەكردنی وزە وەك چەكێك لەدژی ئەوروپا بەكار دەهێنێت، وتی: "دۆخەكە بە جۆرێك تەشەنە دەستێنێت، كە وای لێدێت لە زۆر بواردا وزە وەك چەك بەكاربهێندرێت".

رۆبەرت هابێك ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی ئامادەكارییەكاندا بۆ زستان، ئەڵمانیا سەرنجی خستووەتە سەر پڕكردنی عەمبارەكانی گازی سرووشتی و ئاستی پڕبوونی عەمبارەكانی گازی سرووشتیش بۆ لە سەدا ٤٠ نزیك بووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن