دەربەندیخان؛ سەردانی هاوڵاتیان بۆ سەر شاخی بەرانان قەدەغەدەكرێت

کوردستان

21/03/2020     ژمارەی بینراو 1769

ڕاچڵەكین- كامەران كەریم

قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئاشكرایكرد، بڕیاریانداوە بەقەدەغەكردنی سەردانی هاوڵاتیان بۆسەرشاخی بەرانان.

ناسیح مەلا حەسەن ، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بەڕاچڵەكین - ی  ڕاگەیاند، لە پێناو پاراستنی ژیان و ژینگەی ئاژەڵەكێویەكانی سنورەكەیان، بڕیاریانداوە بەقەدەغەكردنی سەركەوتن بۆ سەر شاخی بەرانان بۆ سەرجەم  هاوڵاتیان تاكاتێكی نادیار لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

1.  لەم ڕۆژانەدا ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان رویانكردوەتە ئەم شاخەو بوەتە هۆی ترساندنی ئاژەلەكێویەكان و تێكچونی ژینگەكەیان.

2. كۆمەڵیك گەنج زۆر نابەرپرسانە ڕەفتاریان كردوە بەتایبەتی ئەمڕۆ بەهۆی خلكردنەوەی بەردی گەورە بەڕوی بەنداوداو لەهەمانكاتدا ئاژەڵەكێویەكانیان خستوەتە بارێكی دەرونی ترسناكەوە.

3. لە ڕۆژانی ڕابوردودا هەندێك كەسی نەفس نزم و نەخۆش هەستان بەدانانی تەڵە بۆ دەستگیركردنی ئاژەڵە كێوییەكان كە بە سوپاسەوە لەلایەن كەسانی دڵسۆزەوە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی دارستانی لێئاگادا كرایەوەو دەست بەسەر چوار تەڵەدا گیرا.

4. لە ئێستادا وەرزی زاوزێی ئاژەڵە كیویەكانەو نزیكبونەوە لێیان ژیانی كارە كێویەكان ئەخاتە مەترسیەوەو ڕێگا بەكەسانی نەفس نزم ئەدات بەناوی گەشتەوە كاری نەشیاو ئەنجام بدەن.

5. تەنها ئەو وینەگرانەی پێشتر لەلایەن قائیمقامیەتەوە مۆلەتی كاری وێنەگرتنیان پێدراوە لە سنورەكەماندا و ڕۆڵی گرنگیان هەبوە لەپاراستنو پیشاندانی سروستی جوانی ناوچەكەمان، ئەتوانن بەردەوام بن لەوینەگرتن و سەردانی شاخی ناوچەكە.

قائیمقامی دەربەندیخان رایگەیاند،  هێزەكانی پۆلیسو ئاسایشو پۆلیسی دارستان ئاگاداركراونەتەوە بۆ ڕێگریكردنو دەستگیركردنی سەرپێچیكاران .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن