پرسیارەكانی (پەروەردەی ئیسلامی) 12ی ئامادەیی هەرا دەنێتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 180

راچڵەكین-

پرسیارەكانی (پەروەردەی ئیسلامی)ی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەردوو بەشەكەیەوە ( زانستی و وێژەیی) لەهەرێمی كوردستان، هەڵایەكی زۆری ناوەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری پرسیارەكان تایبەت بوون بە ئێزدییەكان و شوێنە ئاینییەكانیان.

سەرجەمی پرسیارەكان (15) دانەن لەكۆی ئەو ژمارەیەش (10) پرسیار تایبەت كراون بە ئێزدی و شەنگال و مەراسیمەكانیان، ئەوەش رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێك لەو رەخنەگرانەش پێیان وایە ئەوە پلانێكە بۆ دوورخستنەوەی خوێندكاران لەئاشنابوون بەبەهاكانی ئایینی ئیسلام.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بڵاویكردووەتەوە:"تەنها شتێك جێی شانازی میللەتی ئێمە بێت، دینەكەیەتی، بەڵام ئەمانە هەنگاو بە هەنگاو ساڵانە لە هەوڵی دابڕینی پەروەردەن لە ئیسلام و، پڕكردنی مێشكی قوتابییەكانمانە بە شتی وا كە پەیوەندی بە ئاین و پەروەردەی كۆمەڵایەتی و نیشتیمان دۆستی و بەرژەوەندی خەڵكەوە نیە!"

دەشڵێت:"ئەم نمونەی پرسیارانەی كە بۆ قۆناغی دوانزەی ئامادەیی هێنراوەتەوە، هەوڵێكی خەتەرناكە و پێویستە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە هەم رابگیرێ و بە هۆش خۆ بهێنرێتەوە، هەم رونكردنەوە بدەنە كەسوكاری قوتابیان لەسەر ئەم هەڵە گەورەیە، هەم لیپرسینەوەش لەوانە بكرێت كە خەریكی بەلاڕێدابردنی پەروردەی میلەتێكی مسوڵماندان ."

لەلایەن خۆشییەوە شەمۆل ئاشتی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان بە ( راچڵەكین)ی راگەیاند:" لەبەرئەوەی بابەتی ئێزدییەكان لەمەنهەجی خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەییدا بوونی هەیە، ئاساییە پرسیاری لەبارەوە بهێنرێتەوە، بەڵام دەكرا لە پرسیارەكاندا هاوسەنگی هەبووایە."

وتیشی:" رۆژی دووشەممەی داهاتووی لیژنەكەیان كۆدەبێتەوەو بە ووردی باس لە گرفتی پرسیارەكان دەكەن بەو پرسیارەی 12ی ئامادەییشەوە."

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (راچڵەكین) پەیوەندی كرد بە ( سامان سیوەیلی) وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن

بەپەلە

وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستی لەکارکێشایەوە