سوید هەڵوێستی خۆی لە بارەی پەكەكە ئاشكرا دەكات

جیهان

20/05/2022     ژمارەی بینراو 516

راچڵەكین –

حكومەتی سوید هەڵوێستی خۆی لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان ئاشكرا دەكات و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: ئێمە یەكەم وڵات بووین لەدوای توركیا كە پەكەكەمان خستووەتە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.

ئان كریستین لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بابەتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتە روو كە سوید یەكەم وڵات بووە پەكەكەی بە رێكخراوی تیرۆریستی ناساندووە.

ناوبراو، باسی لەوەشكردوە كە ئەم بڕیارە لە سەردەمی حكومەتەكەی ئۆڵۆف پاڵما، دەركراوەو دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢دا یەكێتی ئەورووپاش بڕیارێكی لەو شێوەیەی دەركردووە.

وەزیری دەرەوەی سوید، ئاماژەی بەوەشكردووە هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر بە پەكەكە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.

ئەم هەڵویستەی وەزیری دەرەوەی سوید وەك دڵنیاییەك دێت بۆ توركیا، كە رایگەیاندبوو داواكاری سویدو فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ قبوڵ ناكەن، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە هەڵوێستێكی روون و ئاشكرایان بەرامبەر پەكەكە نییەو جگە لە هاوكاریكردنیان، بوونەتە شوێنی داڵدەدانی ئەندامانی ئەو رێكخراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن