رووسیا بە سزای هاوشێوە وەڵامی كەنەدا-ی دایەوە

جیهان

22/05/2022     ژمارەی بینراو 204

راچڵەكین-

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، قەدەغەی هاتنەناو وڵاتەكەی خستووەتە سەر سۆفی ترۆدۆ، هاوسەری جەستن ترۆدۆ-ی سەرۆكوەزیرانی كەنەدا و ٢٥ كەسایەتی دیكە كە چەند بەرپرسێكیشیان لەنێودایە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەك وەڵامێك بۆ سزاكانی دژبە رووسیا لەلایەن كەنەدا، تەنها خۆی لە بەرپرسانی حكومی، سەربازیی و بازرگانی نەبینیووەتەوە بەڵكو كەسانی نزیك لەوانیش خراونەتە لیستی رەشەوە، لە بەرامبەردا مۆسكۆ بەهەمان شێوە سزای هاتنەناوەی وڵاتەكەی بەسەر كەسانی هەمان ئاست سەپاندووە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو لیستەی كە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، گەورە بەرپرسانی كەنەدا و كەسە نزیكەكانیان و هاوڕێیانیان دەگرێتەوە، هەروەها بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەكان و پیشەسازیی دروستكردنی كەشتی و فەرماندەكانی هێزە چەكدارەكانیشیان تێدایە.

هەر لەو لیستەی كە رووسیا سزای هاتنەناوەی وڵاتەكەی بەسەردا سەپاندوون، سۆفی ترۆدۆ، هاوسەری جەستن ترۆدۆ سەرۆكوەزیرانی كەنەداو فەرماندەی هێزەكانی ئاسمانیی كەندا، ئیریك جان كینی و فەرماندەی هێزەكانی دەریاوانیی، ئەنجوس ئیان توپچی و فەرماندەی سوپا، جۆسلین پۆل و ژمارەیەكی دیكەی تێدایە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە داهاتوویەكی نزیكدا سزای هاوشێوە بەسەر پیاوانی كاری كەنەدادا دەسەپێنن.

رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆكراینا دەستپێكرد، ئەمەش كاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەك لە وڵاتان سزای دیپلۆماتیی، ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسكۆدا سەپاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن