چین بۆ ئەمریكا: كێشەی تایوان ناوخۆییەو دەستوەردانی دەرەكی قبوڵكراو نییە

جیهان

23/05/2022     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین-

وەزارەتی دەرەوەی چین رایدەگەیەنێت، كێشەی تایوان بەتەواوی كاروباری ناوخۆی چینە و هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی قبوڵكراو نییە.

جۆ بایدن لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كیشیدا فومیۆ سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا و لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی ئەگەر چین تایوان داگیر بكات یان هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی بدات، ئایا ئەمریكا وەڵامی چۆن دەبێت، ئاماژەی بەوەكرد، سیاسەتیان بەرامبەر تایوان نەگۆڕاوە و بە دڵنیابوون لەوەی هیچ گۆڕانكارییەكی تاكلایەنە لە دۆخی ئێستادا روونادات پێداگرن لە پشتیوانیكردنی ئاشتیی و سەقامگیری گەرووی تایوان.

لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی بایدن-دا، ڤانگ ڤین بین ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، رایگەیاند، (سەبارەت بە تایوان) نابێت ئەمریكا پێداگری گەلی چین بە هەند وەرنەگرێت لەبارەی پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی''.

وتیشی، سازش ناكەن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندییە سەرەكییەكانی وەك سەروەری و یاكپارچەیی خاكی چین و وتی: ''تایوان بەشێكی دانەبڕاوی چینە و كێشەی تایوان بەتەواوی كاروباری ناوخۆی چینە و هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی قبوڵكراو نییە. (سەبارەت بە تایوان) نابێت ئەمریكا پێداگری گەلی چین بە سووك وەرگرێت لەبارەی پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی. نابێت دژبە ئیرادەی ١،٤ ملیار خەڵكی چین ببێتەوە''.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها باسی لەوە كرد، وڵاتەكەی هەنگاوی پێویست دەنێت بۆئەوەی سەروەری و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی دەستەبەر بكات و رایگەیاند ''داوا لە ئەمریكا دەكەین پابەند بێت بە سیاسەتی تاك مانەوەی چین، سێ بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریكا-چین، بەڵێنی بۆ پشتیوانی نەكردنی سەربەخۆیی تایوان و زیان نەگەیاندن بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بە ناردنی پەیامی هەڵە بۆ هێزە جوداخوازەكانی تایوان''.

وتیشی: ''ئەمریكا بە سیاسەتی چاوترساندن ئەورووپای تێكدا. نابێت ئاسیا تێك بدات. دەبێت ناوچەی ئاسیا-زەریای هێمن ببێتە ناوەندی ئاشتیی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی نەك مەیدانی عەقڵیەتی جەنگی سارد. ئەو وڵاتانە ناتوانن لایەنگر بۆ هەوڵەكانی دروستكردنی جەمسەرگیریی لە ئاسیا-زەریای هێمن دروست بكەن و سەركەوتوو نابن''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن