وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا پێنج یانەی ئەڵمانی لەخۆدەگرێت

وەرزش

24/05/2022     ژمارەی بینراو 271

راچڵەكین-

دوای ئەوەی یانەی ئینتراخت فرانكفۆرت بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەورووپا، بۆ وەرزی داهاتوو پێنج یانەی ئەڵمانی مافی بەشداریكردنیان لە خولی پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست هێنا.

لەگەڵ تەواوبوونی خولەكانی تۆپی پێیی ئەوروپا، ئەو ناوی یانانە ئاشكرابوو كە وەرزی داهاتوو راستەوخۆ بەشداری لە خولی پاڵەوانەكانی ئەورووپا (UEFA Champions League)دا دەكەن.

بەپێی یاسای بەشداریكردنی یانەكان لە خولەكەدا، (جگە لە رووسیا) ٢٥ یانە و پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەوروپا، راستەوخۆ بەشداری لە خولەكەدا دەكەن.

بەم پێیە جگە لە یانەی بایەرن میونخ، بۆروسیا دۆرتمۆند، بایەر لیڤەركوزن و لایپزیگ، ئینتراخت فرانكفۆرت-ی پاڵەوانی خولی ئەوروپاش مافی راستەوخۆ بەشداریكردنی لە خولی پاڵەوانەكانی ئەورووپادا بەدەست هێنا، بەم شێوەیە وەرزی داهاتوو، پێنج یانە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا دەكەن.

هەروەها مانچستەر سیتی، لیڤەرپوول، چێڵسی و تۆتنهامی ئینگلیزی، ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئەتلەتیكۆ مەدرید و سیڤێیلیای ئیسپانی، میلان، ئینتەر، ناپۆلی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی، پاریس سان جێرمان و ئۆلیمپیك مارسیلیای فەڕەنسی، پۆرتۆ و سپۆرتینگ لیسبۆنی پورتوگالی، ئەیاكسی هۆڵەندی، كڵب بروجی بەلجیكی، سالزبۆرگی نەمسایی و سێلتیكی سكۆتلەندی و شاختار دۆنێتسكی ئۆكراینیش راستەوخۆ بەشداری لە خولی پاڵەوانەكانی ئەورووپا (UEFA Champions League)دا دەكەن.‌

هاوكات شەش یانەش لەنێویاندا پاڵەوانی خولی تۆپی پێی توركیا، ترابزۆنسپۆر و خاوەن پلەی دووەمی خولەكە، فەنەرباهچە دوای ئەنجامدانی یارییەكانی پاڵاوتن دەخرێنە ناو چامپیۆنزلیگەوە.

یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانەكانی ئەورووپا، شەشی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ دەكات و یاریی كۆتاییش لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە یاریگای ئۆڵۆمپیی ئەتاتورك لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن