لە ٢٠٢١دا فرۆشی ئۆتۆمبێلی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە

ڕاپۆرت

24/05/2022     ژمارەی بینراو 399

راچڵەكین-

ساڵی 2021 فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە بەراورد بە ساڵی 2020، 108% زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٦،٧٥ ملیۆن.

لە چوارچێوەی ئامانجەكانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا، وڵاتان وەرچەرخانی خێرا دەكەن بۆ تەكنەلۆجیای كاربۆنی نزم بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی فۆسیل.

ئۆتۆمبێلی كارەبایی گرنگییەكی زۆری هەیە لەبارەی كەمكردنەوەی دەرچوونی ئەو گازانەی سەرچاوەكانیان كەرتی گواستنەوەیە، لەبەر ئەوە ماركەكانی ئۆتۆمبێل وەبەرهێنان و مۆدێلی ماركەكانیان لەو بوارەدا بەخێرایی زیاد كردووە.

هاوكات گۆڕان لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی كارەباییدا بە هەمان خێرایی لە فرۆشتنیشدا رەنگی داوەتەوە، ساڵی رابردوو گەشەسەندنی روون لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا بەتەواوی لە بواری ئۆتۆمبێلی كارەباییدا بوو.

بەپێی ئامارەكانی ماڵپەڕی "EV-volumes.com" لە ٢٠٢١دا، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 108%  زیادیكردووە و گەیشتووەتە ٦،٧٥ ملیۆن كە بەرزترین ئاستی هەموو كاتەكانە، سەرەڕای پەتای كۆرۆنا لە ٢٠٢٠دا، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی ٣،٢٤ ملیۆن بووە.

لە كاتێكدا لە ٢٠١٢دا، بەشی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا، سەدا ٠،٢ بووە لە ساڵی رابردوودا، سەدا ٨،٣ بەرزبووەوە، بەوەیش بەشی بازاڕی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە جیهاندا لە ١٠ ساڵدا، ٤١ هێندە زیادی كردووە.

هەروەها ساڵی رابردوو گەورەترین گەشەسەندنی ١٠ ساڵی رابردوو بوو لە بواری ئۆتۆمبێلە كارەباییەكاندا.

چین ساڵی رابردوو بە فرۆشتنی ٣،٤ ملیۆن زۆرترین ئۆتۆمبێلی كارەبایی فرۆشتووە كە بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر سەدا ١٥٥ زیادی كردووە، بە واتایەكی دیكە ٢،٠٦ ملیۆن فرۆشی زیادی كردووە.

لە كاتێكدا لە ئەورووپا ٢،٣ ملیۆن ئۆتۆمبێلی كارەبایی فرۆشراوە، ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە ٢٠٢٠ سەدا ٦٦ زیادی كردووە.

ئەمریكا بە فرۆشتنی ٧٣٥ هەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی ریزبەندی سێیەمی گرتووە لە كۆریای باشوور ١١٤ هەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی كارەبایی فرۆشراوە، هەروەها فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە ئیسرائیل ئوسترالیا، هیندستان و ژاپۆن ١٠ هەزاری تێپەڕاندووە.

- بەكاربردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، یەكسانە بە بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئیرلاند

بەپێی داتاكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە ٢٠١٢دا، بە درێژایی هەموو ساڵەكە ١٣٠ هەزار ئۆتۆمبێل فرۆشراوە، بەڵام لە ٢٠٢١دا، بە یەك هەفتە ئەو ژمارەیە فرۆشراوە.

لە پاش ژمارەی فرۆشی ساڵی رابردوو، تێكڕای ژمارەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە جیهاندا گەیشتە ١٦ ملیۆن.

لە ٢٠٢١دا، بەكارهێنانی كارەبا لە ئۆتۆمبێلی كارەباییدا بە تێكڕایی لە جیهاندا گەیشتووەتە ٣٠ تێراوات كاتژمێر كە یەكسانە بە بەرهەمهێنانی یەك ساڵی كارەبا لە ئیرلاند.

ساڵی رابردوو، تێسلا بە فرۆشتنی ٩٣٦ هەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی ریزبەندی یەكەمی گرت كە ٣٥٢ی لە ئەمریكا، ٣٢١ی لە چین و ١٧٠ هەزاری لە ئەورووپا بووە.

لە دوای تێسلا، گرووپی ڤۆڵگسواگن (VW) ٧٦٣ هەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی فرۆشتووە، "BYD" ٥٩٨ هەزار، "GM" ٥١٧ هەزار، ستێلانتیس ٣٨٥ هەزار.

چاوەڕوان دەكرت ئەمساڵی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی پێوانەیی تۆمار بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن