"خراپ بەكارھێنانی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا چوار ھێندە زیادیكردووە"

هەمەڕەنگ

25/05/2022     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین-

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، بەكارھێنانی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی بە مەبەستی سیاسیی و سەربازیی بە شێوەیەكی خراپ لەلایەن دەوڵەت و لایەنەكانی دەرەوەی دەوڵەتەوە لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا چوار ھێندە زیادیكردووە.

رۆزماری دی كارلۆ، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی، لە وتارێكیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی بەبێ سنوور دەرفەتی پێشكەشی ھەموو بوارێكی ژیان كردووە بەڵام مەترسیی نوێشی درووستكردووە.

رۆزماری دی كارلۆ رایگەیاند: "خراپیی بەكارھێنانی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی لەلایەن لایەنە حكوومی و ناحكوومییەكانەوە بۆ مەرامی سیاسی و سەربازی لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا نزیكەی چوار ھێندە زیادیكردووە".

دی كارلۆ وتیشی: "لە ھەمان كاتدا چەكە كوشندە سەربەخۆكان پرسیار دەربارەی بەرپرسیارێتی مرۆڤ لە بەكارھێنانی ھێز دەوروژێنێت".

یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی ئاشكرایشیكرد، ئەو ئامێرانەی بێ دەستێوەردانی مرۆڤ گیان دەستێنن "لە رووی سیاسییەوە قبوڵ كراو نیین و لە رووی ئەخلاقیشەوە قێزەونن" و رایگەیاند دەبێت ئەم ئامێرانە لەلایەن یاسای نێودەوڵەتییەو قەدەغە بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن